دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێكی "وشە" پردی كەلیا نۆژەن دەكرێتەوە

:: PM:03:47:15/10/2016 ‌


 
دوای ئەوەی رۆژنامەی "وشە" راپۆرتێكی لەسەر ئەگەری رووخانی پردی كەلیان لە شارەدیێ دێرەلووكی سەر بە شارۆكەی ئامێدی بڵاو كردەوە، بەڕێوەبەرایەتی شارەدێیەكە بە ھاوكاری ئاژانسی "جیكا"ی ژاپۆنی، دەستی كردووە بە نۆژەنكردنەوەی ئەو پردە.

بەھمەن ئەحمەد، بەڕێوەبەری شارەدێی دێرەلووك بە "وشە"ی راگەیاند، ئاژانسی جایكای ژاپۆنی سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەی ھایدروپاوەری كارەبای "گەلی رەشاڤەیە" لە شارەدێی دێرەلووك  و پردی كەلیان دەكەوێتە سنووری دروستكردنی ئەو پڕۆژەیە، ئەوەیش وای كردبوو ئەگەری رووخانی ئەو پڕۆژەیە زیاتر بێت، دواتر ناڕەزایی خەڵك و شوێنە پێوەندیدارەكانی پارێزگا رێگەیان بە رووخاندنی ئەو پردە نەدا و ئاژانسەكە بڕیاری نۆژەنكردنەوەی دا.

زیاتر روونی كردەوە، نۆژەنكردنەوەی ئەو پردە بە هەمان شێوەی كۆن لەسەر ئەركی ئاژانسی جایكا ژاپۆنی دەبێت.
 
پردی كەلیان یەكێك لە گرنگترین شوێنەوارەكانی پارێزگەی دھۆكە و سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە مێژووی دروستكردنی بۆ پێش چوار ھەزار و ٤٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە، تا سەردەمانێكی پێش ئێستە تاكە رێگەی ھاتوچۆی نێوان ھەولێر و دھۆك بووە، بەڵام ئێستە وەك شوێنەوارێك ماوەتەوە  

بەپێی قسەكانی بەڕێوەبەری شارەدێی دێرەلووك، نۆژەنكردنەوەی ئەو پردە تەنیا بە مەبەستی گەشت و گوزارە و بۆ هاتوچۆكردن لەبار نییە.
 
بەپێی سەرچاوە مێژوویییەكان، دروستكردنی پردی كەلیان بۆ  سەردەمی دەسەڵاتی  "میر محەمەد ساتی و سوڵتان حوسێن وەلی" دەگەڕێتەوە كە تا ساڵی ١٥٧٦ حوكمڕانییان لە دەڤەری ئامێدی كردووە. پردەكە لە پێنج ستوونی بەردینی گەورە پێك دێت و وێنەی مارێكی لەسەر نەخشێنراوە.


وشە/ئامێدی- نەوزاد ھلۆری




وشە - هیدایه‌ت جان