به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر، داوا له كۆمپانیاكانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل ده‌كات له كاتی فرۆشتنی هه‌ر ئۆتۆمبێلێكدا، كۆپییه‌ك له به‌ڵگه‌كان بۆ ئیمه‌یڵی هاتوچۆی هه‌ولێر بنێرن و گوته‌بێژی هاتوچۆی هه‌ولێریش ده‌ڵێت، هه‌ر كۆمپانیایه‌ك پابه‌ند نه‌بێت، كاری به‌ناوكردن و تۆماركردن بۆ ئۆتۆمبێله‌كه ناكرێت و له مێژووی یه‌كی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ر، واتا یه‌كه‌م رۆژی ساڵی 2017ه‌وه بڕیاره‌كه خراوه‌ته بواری جێبه‌جێكردن.
ڕائید فازڵ حاجی، گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی هه‌ولێر به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، به مه‌به‌ستی ڕێگرتن له كاری نایاسایی، ئۆتۆمبێله ژماره كاتییه‌كان كه زۆرجار له ماوه‌ی ئه‌و دوو مانگه‌ی مۆڵه‌تی ژماره كاتی له كامێرای چاودێرییان ده‌دا و كاری نایاسایی‌یان ده‌كرد، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی هاتوچۆی هه‌رێم بڕیاری دا له هه‌موو شاره‌كانی كوردستاندا هه‌ر كۆمپانیایه‌ك ئۆتۆمبێلی به هاووڵاتییان فرۆشت. كۆپییه‌كی به‌ڵگه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی شاره‌كه بنێرێت و به پێچه‌وانه‌وه كاری به‌ناوكردن و تۆماركردن بۆ خاوه‌نی ئۆتۆمبێله‌كه ناكرێت.
فازڵ حاجی ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو، هه‌ر ئۆتۆمبێلێكی ژماره كاتی له‌لایه‌ن كۆمپانیاوه به هاووڵاتییان فرۆشرا، ماوه‌ی دوو مانگی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی هه‌میشه‌یی بۆ ئۆتۆمبێله‌كه ده‌ربكات، به‌ڵام زۆرجار كۆمپانیاكان دوای دوو مانگه‌كه، گرێبه‌سته‌كانیان بۆ هاووڵاتییان نوێ كردووه‌ته‌وه و بۆ ڕێگریكردن له‌و كاره ئه‌و بڕیاره دراوه .
"له ساڵی 2016 له هه‌ردوو سنووری حاجی ئۆمه‌ران و ئیبراهیم خه‌لیل، به كۆی گشتی 30 هه‌زار و700 ئۆتۆمبێل هاتوونه‌ته شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌و ژماره‌یه‌ش 25 هه‌زار و 906 ئۆتۆمبێل له شاری هه‌ولێر به‌ناو كراون و تۆمار كراون". فازڵ حاجی وای گوت.
هه‌ولێر/هێمن ڕه‌فیق