سه‌رۆكایه‌تى رووسیا سامانى پوتین ئاشكرا ده‌كات

:: AM:10:31:13/04/2019 ‌
سه‌رۆكایه‌تى رووسیا به‌ فه‌رمى داهاتى ڤلادیمیر پوتینى سه‌رۆكى رووسیا و دیمترى مدڤیدیڤى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئاشكرا كرد و به‌ پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، سه‌رۆكى رووسیا دوو شوقه‌ و دوو ئۆتۆمبیلى هه‌یه‌ و له‌ ساڵى رابردوویش  داهاته‌كه‌ى 134 هه‌زار دۆلار بووه‌.

هه‌ریه‌كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكایه‌تى رووسیا و  حكوومه‌تى رووسیا، به‌ فه‌رمى داهات و موڵكى به‌رپرسانى رووسیایان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، به‌ر له‌ هه‌موو كه‌سێكیش داهاتى سه‌رۆكى رووسیا و سه‌رۆك وه‌زیران ئاشكرا كراوه‌.

 به‌ پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، ڤلادیمێر پوتین دوو شوقه‌ى هه‌یه‌ یه‌كێكیان 77 مه‌تر چوار گۆشه‌یه‌ و ئه‌ویتریان 153 مه‌تره‌، له‌گه‌ڵ دوو گه‌راجى ئۆتۆمبیل و دوو ئۆتۆمبیل له‌ جۆره‌كانى "ڤۆڵگا "و "نیڤا".

 له‌ باره‌ى داهاتى ساڵى 2018ی پوتین، سه‌رۆكایه‌تى رووسیا ده‌ڵێ داهاتى پوتین هه‌شت ملیۆن و 648 رۆبل بووه‌ واته‌ 134 هه‌زار دۆلاری ئەمریکی.

 دواى پوتین داهاتى دیمترى مدڤیدیڤى سه‌رۆك وه‌زیرانى رووسیا ئاشكرا كراوه‌، كه‌ داهاته‌كه‌ى 154 هه‌زار دۆلاره‌ و له‌ گه‌ڵ شوقه‌یه‌ك كه‌ رووبه‌ره‌كه‌ى 367 مه‌تر چوارگۆشه‌یە، له‌گه‌ڵ دوو ئۆتۆمبێلى جۆرى ڤۆڵگا.

 پێشتر وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى رووسیا راى گه‌یاندبوو، ئه‌مه‌ریكا له‌ڕێى هه‌واڵگرییه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دات سامانى به‌رپرسانى رووسیا بزانێت و به‌ڵگه‌یان له‌سه‌ر كۆ بكاته‌وه‌.
 

سه‌رچاوه‌ / RT




وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل