وردەكاری بەقاچاغبردنی نەوتی عێراق بەرەو ئیمارات و ئێران

:: PM:05:36:13/04/2019 ‌

ساڵانە گەنجینەی عێراق چەندان ملیار دۆلاری ئەمەریكایی زیانی پێ دەكەوێت بەهۆی بەقاچاغبردنی نەوتە خاوەكەی لەلایەن كەسانی دەستڕۆیشتوو لەناو وەزارەتەكانی حكوومەت و حزبەكانەوە بۆ وڵاتانی تر بە بەكارهێنانی كەشتی و تانكەرەوە، لەو كاتەی 90%ی بودجە و داهاتی عێراق پشت بە داهاتی نەوتەوە دەبەستێت.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دۆسیەی بەقاچاغفرۆشتن و بردنی نەوتی عێراقی خستووەتە روو كە بووەتە هۆی بەفیڕۆچوونی سامان و دابەزینی ئاستی خزمەتگوزارییەكان لە عێراق، كە ئەوەش وای كرد هاوینی رابردوو ناڕەزایەتییەكی گەورەی جەماوەری لە باشووری عێراق دروست ببێت نزیك بوو لە رووخاندنی سیستەمی فەرمانڕەوایی لەو وڵاتە.

لە دیارترین ئەو بەڵگەنامانەی باس لەو دۆسیە دەكات، راپۆرتی شەفافیەتە كە لە 2006 لە نووسینگەی پشكنەری گشتی لە وەزارەتی نەوت دەرچووە بەناونیشانی "قاچاغی نەوتی خاو و بەرووبوومەكانی نەوت"، بەڵام تەمەنی دۆسیەكە ئەوەندە درێژ نەبوو، كاتێك بەڵگەنامەكانی تایبەت بەو دۆسیە لە ئاگرێك كە لە تەلاری وەزارەت بەربوو، لەناو بران لەدوای بڵاوبوونەوەی بۆ رای گشتی و تا ئەو ساتەیش راپۆرتەكە دەرنەچووە.

راپۆرتەكە بە ژمارە باسی پرۆسەی بەقاچاغبردنی نەوتی دەكرد لە 2005 و كاریگەرییەكانیشی بۆ سەر ئابووری عێراق روون دەكردەوە، هەروەها بڕی پارەی كە لەو رێگەوە دەستی بەسەردا گیراوە بە ملیارێك دۆلار مەزندە كرابوو و ئاماژەی كردبوو كە پرۆسەكە لە رێگەی بەندەرەكانی باشووری عێراق لە بەسڕە بەرەو ئیمارات و وڵاتانی تر ئەنجام دراوە.

بەپێی راپۆرتەكە ئەو پرۆسەی قاچاغی نەوتی عێراق بە بەشداری چەند دەوڵەتێكی دراوسێ و ژمارەیەك لە بەرپرسانی عێراق و سەرپەرشتیارانی كەرتی نەوت بە دەست تێكەڵاوكردن لەگەڵ كارمەندانی پۆلیس و گومرگی عێراق ئەنجام دەدرێت. سەرەڕای ئەوەی نووسینگەی پشكنەرانی گشتی عێراق راپۆرتەكەیان بڵاو نەكردەوە كە بەڵگەنامەكانی سووتێنرا، دوای ئەوەی لێكۆڵینەوەكانی حكوومەت ئاماژەیان كرد كە رووداوی ئاگرەكە قەزا و قەدر بووە، بەڵام لە كۆتای ئازاری رابردوو هەواڵگری ئەمەریكا راپۆرتێكیان دایە عێراق لەبارەی پرۆسەی قاچاغی نەوتەوە.  

هەواڵگری ئەمەریكا ئاماژەی كرد كە 56 لایەنی عێراقی لە پرۆسەی قاچاغی نەوتەوە بەشدارن و ئەو پارەیشی بەدەستیان دەكەوێت بە چوار ملیار دۆلاری ساڵانە دێتە خەمڵاندن، وەك سەرچاوەیەك لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی لێوە كرد، سەرچاوەكە زیاتر گوتی، هەواڵگری ئەمەریكا زانیاری وردی لەو بارەوە دایە حكوومەتەكانی حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی لەبارەی قەبارەی پرۆسەكە و لایەنەكانی تیایدا سوودمەندن.

زیاتر گوتی، زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە 10 پارتی سیاسی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی ئێستەی عێراق لە قاچاغی نەوتی خاوی عێراق بەشدارن لە رێگەی فەرمانبەرە پلە باڵاكانیانەوە كە خۆیان دایانمەزراندوون و سەر بەوانن لەناو وەزارەتەكانی نەوت و ناوخۆ و گومرگەكان، ئەوان نەوت لە دەروازەكان بە هاوكاری ئەو فەرمانبەرە گەندەڵانە ئاودیو دەكەن.

سەرچاوەكە زیاتر گوتی، بەپێی زانیارییەكان 40 گرووپی چەكدار لە میلیشیاكان بەشدارن لە پرۆسەی قاچاغی نەوتی عێراق كە ناوچەكانی تیایدا بڵادەستن و شێوازی جیاجیا بۆ ئەو كارە بەكار دێنن، بۆیە ئەوان چالاكییەكانی خۆیان لەو ملیۆنان دۆلارەی داهاتی قاچاغی نەوت پارەدار دەكەن. روونی كردەوە، ئەو گرووە چەكدارییانە سوود لە دەروازە سنوورییەكانی باشوور و رۆژئاوا بۆ بەقاچاغبردنی نەوت بەرەو ئیمارات وەردەگرن، هەرچی دەروازەكانی باكورە، چەند لایەنێكی كوردی بۆ قاچاغی نەوت بەرەو ئێران بەكاری دێنن. 

سەرچاوەكە ئاماژە دەكات، هەواڵگری عێراق گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە زۆرینەی نەوتی بەقاچاغبراوی باشوور بەرەو ئیمارات دەچێت، لە باكوریش بەرەو ئێران و توركیا، كە ئەو نەوتە لەوێ بە 36 دۆلار بۆ بەرمیلێك دەفرۆشرێت، پرۆسەی لێكۆڵینەوەكانی عێراق لێكۆڵەرانی گەیاندە بوونی چەند بەڵگەنامەیەك كە مۆری بەندەر و كۆمپانیاكانی ئیماراتی لەسەرە.  

سەرچاوەكە زیاتر ئاشكرای كرد، زۆرینەی ئەو پارەی لەو رێگەوە دەست دەكەوێت لە بانكەكانی دوبەی دادەنرێت، بۆ ئەو مەبەستەش حكوومەتی عەبدولمەهدی دەستی بە پێوەندی كردووە لەگەڵ ئیمارات بۆ ئەو مەبەستە بێ راگەیاندنی بابەتەكە، بۆ ئەوەی لایەنە سیاسی و میلیشیاكان كاردانەوەیان نەبێت بۆ وەستاندنی هەوڵەكانی لێكۆڵینەوە، وەك لە ساڵانی رابردوو هاتە ئەنجامدان.

ناوە ناوە شاری بەسڕە ململانێیەكی خوێناوی لە نێوان پارتە سیاسییەكان و میلیشیا باڵادەستەكان بەخۆیەوە دەبینێت، ئەوەیش لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پشكی زیاتر لە نەوتی قاچاغ، وەك هادی فرێجی توێژەرەری بەسڕایی باسی لێوە دەكات، روونی كردەوە، قاچاغی نەوت لە بەسڕە بووەتە هۆی دروستبوونی چەند مافیایەكی پێكهاتوو لە قاچاغچییەكان و بەشدار و یارمەتیدەر و هاوكارانیان لەناو وەزارەتی نەوت و گومرگەكانەوە، هاوكات چەند هۆزێكی بەسڕە رۆڵی سەرەكی دەبینن لە ناوەندگیری لە نێوان ئەو لایەنانە، ئەوەیش بەپێی ئەوەی نەوتەكە لە ناوچەی ئەوانەوە تێپەڕ دەبێت. 

زیاتر گوتی، ئێستە خەڵكی ناوچەكە لایەنەكانی تێوەگلاو لە قاچاغی نەوت دەناسن، بەپێی بەشبەشێنە لە پۆستەكان، پارتی فەزیڵەی ئیسلامی دەستی بەسەر هێزی پاراستنی نەوتدا گرتووە و حزبوڵای عێراقیش بەسەر پۆلیسی گومرگ، ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیش بەسەر هەواڵگری و رەوتی سەدریش بەسەر پۆلیسی ناوخۆ و هێزی پاراستنی دامەزراوە نەوتییەكان. هەرچی بەندەرەكانە هەمووان كێبەركێی لەسەر دەكەن، لەوكاتەی سەدرییەكان كۆنترۆڵی بەندەری ئەبو فلووس دەكەن كە سەرچاوەی قاچاغی نەوتە، پارتی فەزیڵە كۆنترۆڵی بەنداوی ئەبوخسێب دەكەن كە كەشتییە گەورەكانی تیادا دەگیرسێتەوە.

فرێجی لەبارەی چۆنیەتی بەقاچاغبردنی نەوتەكە دەڵێت، زۆرجار قاچاغی نەوت لە رێگەی بەلەمی داری راوەماسییەوە لەناو شەتولعەرەب ئەنجام دەدرێت، كە بەرەو ئاوی كەنداو دەچن و لەوێوە ئەو بارانە دەچێتە بەندەرەكانی ئیمارات كە چاوی لە پرۆسەكە دەپۆشێت، رێگەیەكی تریش هەیە قاچاغچییەكان نەخشەی بۆڕییەكانی نەوت لە وەزارەتی نەوت بەدەست دێنن و لە شوێنە چۆڵەكان بۆڕییەكان كون دەكەن و نەوتە خاوەكە لە حەوزی لمی لەسەر شێوەی بیری دەستكرد كۆ دەكەنەوە و لەوێ بە تانكەر دەیگوازنەوە.

فرێجی دووپاتی كردەوە كە پرۆسە گەورەكانی قاچاغی نەوت لەلایەن حوتە گەورەكانی سەر بە میلیشیا و پارتە دەسترۆیشتووەكانی عێراق ئەنجام دەدرێت، كاتێك بەهاوكاری گەورە فەرمانبەرەكان، فێڵ لە بژمێرەكانی سەر بە وەزارەتی نەوت دەكرێت، ئاماژەی كرد، بەلەمەكان پڕ دەكرێن لە نەوتی خاو كە بارەكەی 20 تۆن تێپەڕ ناكات و ئەوان نەوتەكە دەگەیننە كەشتی نەوتی ئیماراتی لە دەرەوەی سنووری ئاوی نێودەوڵەتی عێراق و لەوێ دەفرۆشرێت و یان راستەوخۆ پارەكەی وەردەگیرێت یان لە بانكەكانی دوبەی لە حیساباتی تایبەت بەخۆیان دادەنرێت، لەو كاتەی ئەو كەشتیانە كە نەوتەكە دەگوازنەوە نووسراوی فەرمیان بە بارەكانیان پێ نییە و بەپێی یاسای نێودەوڵەتی نەوتەكەی هەڵیان گرتووە نایاساییە و ئەو بەندەرانەی پێشوازیان لێ دەكەن پێشێلی یاسای نێودەوڵەتی دەكەن و پرۆسەكە جۆرێكیشە لە چەتەیی.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل