دوو كورتە فیلمی "سەمای پەیكەرەكان" و "جەنگ" نمایش كران

:: PM:08:55:13/04/2019 ‌

ئەمڕۆ شەموو سەنتەری ئاڵا بۆ پەرەپێدانی ڕۆشنبیری و هونەری، لە درێژەی چاڵاكییەكانی و لە 21مین نمایشی هەفتەدا، دوو كورتە فیلمی بەناوی "سەمای پەیكەرەكان" و "جەنگ"، نمایش كرد كە لە نووسین و دەرهێنانی تاریق ئاكرەیی بوون.

هەردوو كورتە فیلمەكە لە سەعات 4:30 ئێوارە لە هۆڵی سینەمای سەنتەری ئاڵا نمایش كران كە ماوەی هەردووكیان 25 خولەكی خایاند، دوای نمایشی كورتە فیلمەكان، سەنتەری ئاڵا خەڵاتێكی ڕێزلێنانی بە نووسەر و دەرهێنەر "تارق ئاكرەیی"، بەخشی و دواتر كۆڕێكی هونەری لەلایەن هونەرمەند بەڕێوە چوو و دەرگای گفتوگۆ بۆ بەشداربوو و هونەرمەندان كرایەوە.

تارق ئاكرەیی نووسەر و دەرهێنەر بۆ "وشە" گوتی، كورتە فیلمی "جەنگ"، لە ساڵی 2004 بەرهەم هاتووە و كە لە نووسین و دەرهێنانی خۆمە و چیڕۆكەكە باس لەوە دەكات ئێمەی كورد هەندێكجار ڕووبەڕووی جەنگ دەبینەوە، كەچی ئەو جەنگە هی كورد نییە، بەڵكو بەسەرماندا سەپێنراوە یان هی دوو دەوڵەتی ترە، بەڵام لەبەر ئەوەی داگیركراوین، بەزۆر دەمانبەن بۆ شەڕ و بە كوشتنمان دەدەن، هەروەها ماڵوێرانی و قوربانی دانەكە بە ئێمە دەبڕێت.

لە بارەی كورتە فیلمی "سەمای پەیكەرەكان"، گوتی، لە ساڵی 2011 بەرهەم هاتووە و چیڕۆكەكەی باس لەوە دەكات ئەو كەسانەی ڕەشپۆش و ناخڕەشن، دەستیان بگات بەهەر شوێن و ناوچەیەك، شوێنەوار و كولتوور و داب و نەریت و ژیانی شوێنەكە وەكو گەردەلوول تێك دەدەن، ئاماژەی كرد، لەم سیناریۆیەمدا زیاتر مەبەستم ئیسلامی سیاسییە كە خۆم لە ساڵی 2011 پێشبینیم بۆی كردبوو، پێشبینییەكانیشم ڕاست دەرچوون و گەیشتە ئەو ڕادەیەی كە هەموو شتێك تێكبدەن و دواتر جێیبهێڵن.

ئاكرەیی دووپاتی كردەوە، ئەم دوو كورتە فیلمە جاری یەكەمیان نەبووە بۆ نمایشكردن، بەڵكو لە فێستیڤاڵە گەورەكان لە سوید و مەغریب و چەند وڵاتێكی تر نمایش كراون. روونی كردەوە، ئێستە فیلمێكی دۆكیۆمێنتاریم لەسەر ئەركی خۆم بەرهەم هێناوە و باس لە كچەكانی شنگاڵ دەكات كە چۆن دەستدرێژییان كراوەتە سەر و لە بازاڕەكاندا كڕین و فرۆشتنیان پێ كراوە.

فیلمەكە لە نووسین و دەرهێنانی خۆم بووە هەموو كارەكانی تەواو بووە، تەنیا چاوەڕێی ئەوە لە حكوومەت و لایەنە پێوەندیدارەكان دەكەم كە ڕەزامەندی دەرببڕن لەسەر نمایشكردنی  و ئومێدەوارم لە ماوەیەكی نزیكدا لە فێستیڤاڵە گەورە و نێودەوڵەتییەكان نمایش بكرێت، چونكە شایەنییەتی.

هەولێر/ محەمەد جەمال






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل