"ئاوێنه‌كانى منداڵى هوردوهه‌ڕابوون" دوایین دیوانى ئیسماعیل به‌رزنجییه، جیاواز له كاره‌كانى تر‌ى ئه‌م دیوانه‌ى به‌رزنجى پڕه له غه‌ریبى و نۆستالیجیا، هه‌ر هه‌موو شیعره‌كانى خه‌مێكه بۆ زه‌مه‌نێك كه له ده‌ستچووه، به‌ڵام كاتێك له‌باره‌ى ئه‌م زه‌مه‌نه‌وه ده‌دوێ، دێڕه‌كانى خاڵى نین له ستاتیكا و جوانى.
كۆمه‌ڵه شیعرى "ئاوێنه‌كانى منداڵى هوردوهه‌ڕابوون" یه‌كێكه له‌و 10 كتێبه‌ى له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیى رۆشنبیرى و هونه‌رى هه‌ولێر، به‌شى چالاكى وێژه‌یى بڵاو كراوه‌ته‌وه. ئه‌و دیوانه كۆمه‌ڵێك شیعر له خۆ ده‌گرێت له‌وانه "ئاوێنه‌كانى منداڵى هوردوهه‌ڕابوون"، "بابه مارف"، "پاش په‌نجا ساڵ"، "نۆستالیجیا له ترۆپكى سووتان"، "له سۆراغى خۆمدا"، "جه‌لال به‌یار ماڵى ده‌باته كه‌سنه‌زان"، "دژه دیمه‌ن". دوایین به‌شى دیوانهكهیش به ناوى "شه‌ته‌حات" بڵاو كراوه‌ته‌وه.
جیا له شیعر، خوێنه‌رانى كورد ناوى "ئیسماعیل به‌رزنجى" به‌شێوه‌یه‌كى تریش ده‌ناسن، ئه‌ویش له رۆژنامه‌كاندا كه له میانه‌ى ئه‌و تهنزانهى له ساڵانى رابردوو نووسیونى، به‌رزنجى به‌هۆى چه‌ند ستوونێكى رۆژنامه‌وانى ته‌نزئامێز ناوبانگێكى زۆرى هه‌یه و تواناى تهنزنووسین و رۆژنامه‌وانى خۆى له‌رێى سووتانهوهكانهوه ده‌رخستووه. به‌ڵام ستوونى "ئحم" و "له‌كونى ده‌رزى"یه‌وه، ته‌نیا رووخسار و شوناسى ئیسماعیل به‌رزنجی نین، به‌ڵكو ئه‌و شاعیریشه، به‌تایبه‌تى له دوایین دیوانیدا كه لێره‌دا باسى ده‌كه‌ین، ئێمه ئیسماعیل بهرزنجییهكى ته‌واو جیاواز ده‌بین، ته‌واو خه‌مبار، تژى له غه‌ریبى.
وشه‌ى "nostalgia" له ئه‌ده‌ب زۆر پێناسه‌ى بۆ كراوه، ره‌نگه كورترین پێناسه ئه‌وه‌یه بریتییه له هه‌ستى غه‌ریبى بۆ رابردوو یان شوێنێك بێت كه له زمانى عه‌ره‌بى وشه‌ى "حه‌نین"ى بۆ به‌كار دێت. ئێمه هه‌ر كه دیوانه‌كه‌ى ئیسماعیل به‌رزنجى ده‌بینین و ناونیشانه‌كه‌ى ده‌خوێنینه‌وه، هه‌ست به نۆستالیجیا ده‌كه‌ین، چونكه خاڵى ده‌ستپێك "منداڵى" ده‌بێت، بێگومان جوانترین زه‌مه‌ن له ته‌مه‌نى هه‌ر یه‌كێك له مرۆڤه‌كان منداڵییه‌وه، منداڵى ده‌ستپێكى هه‌سته جوانه‌كان و تێڕوانینه ساده‌كانه.
سه‌ره‌تاى دیوانه‌كه به‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه شاعیر ده‌ستبه‌ردارى كۆمه‌ڵێك وێنه‌ى منداڵى ده‌بێت، هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌یش له ده‌ره‌وه‌ى ویستى خۆیه‌تى و به جه‌برى زه‌مه‌نه، بۆیه ده‌ڵێ:
تازه مهحاڵهت چاوشاركێ بكه‌م و به‌سه‌ر جۆگهكهكان باز بده‌م
دونیاش كاول بێت
ناتوانم به په‌یژه‌ى دارمێوه‌كان هه‌ڵگه‌ڕێم و لیسى كۆتره‌كان خاوێن بكه‌مه‌وه.
ژوانى من و په‌پووله ئیتر كۆتایى هات.
سه‌فین به گۆیژه بگات، من ناگه‌مه‌وه منداڵى..
به‌هه‌مان هه‌ناسه و تێڕوانینى سه‌ره‌وه، ئیسماعیل به‌رزنجى له شیعره‌كانى تر‌ى به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌تایبه‌تى له شیعری "دواى په‌نجا ساڵ" كه له شێوه‌ى چه‌ندان كۆپله‌ى جیاجیا نووسیویه‌تى، كۆمه‌ڵێك ئه‌زموونى خۆى له‌گه‌ڵ نیوسه‌ده ته‌مه‌ن به شیعر ده‌رده‌بڕێ، به‌ڵام ئه‌م ده‌قه‌یان وه‌ك ده‌قه‌كانى تر ته‌نیا هه‌ستى غه‌ریبى نییه، به‌ڵكو خوێنه‌ر هه‌ست به بێهوده‌یى و عه‌به‌سییه‌ت و ره‌خنه‌یش ده‌كات له سه‌رده‌مى ئێسته‌دا.
دواى نیو سه‌ده ته‌مه‌ن
كڵاوه بابردووهكهم دۆزییه‌وه
له‌پێش په‌رله‌مانى كوردستان
كه‌وتبووه ژێر تایه‌ى پارادۆیهك.
ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تا له‌سه‌ر ئه‌وه كۆك بووین كه ته‌واوى شیعره‌كانى ئیسماعیل به‌رزنجى له كتێبى "ئاوێنه‌كانى منداڵى" غه‌ریبى و نۆستالیجیان، ئه‌وا خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ى ته‌واوى ده‌قه‌كان به بڕوایه‌كى تر ده‌گات، كه ئه‌م نۆستالیجیایهى ئیسماعیل به‌رزنجى ده‌ینووسێته‌وه، ته‌نیا یه‌ك ره‌نگ نییه، به‌ڵكو له هه‌ر شیعرێك بۆن و شێوازێكى خۆى هه‌یه، ئه‌گه‌ر له تێكستى یه‌كه‌م وه‌ك له سه‌ره‌وه باسمان كرد، غه‌ریبییه بۆ سه‌رده‌مى منداڵى، له تێكستى "دواى په‌نجا ساڵ" شێوازێكى بێهوده‌یى و عه‌به‌سى پێوه دیاره، به‌ڵام له تێكستى "نۆستالیجیا له ترۆپكى سووتان" هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین، ئه‌و غه‌ریبییه‌ی به‌رزنجى به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێ، تێكه‌ڵ به بیروه‌رییه‌كانى شار ده‌بێت، نۆستالیجیا له حاڵه‌تێكى تاكه‌كه‌سى بۆ حاڵه‌تێكى ده‌سته‌جه‌معى ده‌گه‌ڕێته‌وه، ته‌نیا له زه‌مه‌نێك و هه‌ستى كه‌سێك قه‌تیس نابێت، به‌ڵكو باس له شوێن ده‌كات "هه‌ولێر" وه‌ك مه‌حموود ده‌رویش ده‌ڵێ "شوێنێش بێ یاده‌وه‌ریى شتێك نییه".
هه‌موو شتێك و هه‌موو كه‌سه‌كان له ده‌قى "نۆستالیجیا له ترۆپكى سووتان" ئاماده‌ن، ته‌نانه‌ت به شێته‌كانى هه‌ولێریشه‌وه، ئیسماعیل به‌رزنجى ده‌ڵێ:
بیرى گریانى حه‌مه شێت و
له‌خۆدانى چورچه و بانگدانى مه‌مه‌د و بهردهوهشاندنى مێرووله په‌نجا و پێنج
و ته‌زبیحه درێژه‌كه‌ى به‌خۆڵه ده‌كه‌ن.
هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه‌ى هه‌ولێرى له حه‌فتا و هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو بینیبێ، شێوه و ناوى زۆر له‌و كه‌سانه‌ى بیر ده‌كه‌وێته‌وه كه له ناو خه‌ڵك به"شێت" ناسرابوون. بۆیه ئه‌م شیعره جۆرێكه له گێڕانه‌وه‌ى یادگارییه‌كانى شارێك كه شاعیر زۆرینه‌ى ته‌مه‌نى خۆى تێدا به‌سه‌ر بردووه.