بەرپرسێكی یەكێتی لە كەركووك گیرا

:: PM:04:55:14/04/2019 ‌

زیاتر لە سەرچاوەیەك ئەمڕۆ 14ی نیسانی 2019 هەواڵی گرتنی بەرپرسی پێشووی كۆمیتەی داقووقی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیان راگەیاند، هۆكارەكەیشی بۆ سكاڵای عەرەبێك دەگەرێتەوە.

هیوا رەشید بەرپرسی لیژنەی ناوچەی داقووقی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئیدریس عادل بەرپرسی پێشووی كۆمیتەی داقووقی یەكێتی لەسەر سكاڵای عەرەبەكانی سنوورەكە گیراوە.

زیاتر گوتی، بەدواداچوون بۆ گرتنەكەی كراوە، بەڵام تا سێ‌ ڕۆژی تر لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێ‌ و ئێستە هیچ وردەكارییەكی لەبارەیەوە نییە.  هەرچەندە باس لەوە دەكرێ گوایە پارەی لەخەڵكی وەرگرتووە و هەندێك دەڵێن لەسەر كێشەی زەوییە.
 
لای خۆیەوە عادل حەفتەغاری جێگری بەرپرسی كۆمیتەی داقووقی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هەواڵی گرتنەكەی بۆ "وشە"  پشتڕاستكردەوە و ڕای گەیاند، ئەو بەرپرسەی یەكێتی لەسەر سكاڵای عەرەبێك گیراوە كە ئەو عەرەبە لەسەر زیادەرۆی ماڵەكەی رووخاوە و لە سكاڵاكەیشی ناوی ئیدریسی هێناوە.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم