بەغدا.. مادەی هۆشبەر لە قوتابخانەكانی ناوەندی كچان بڵاو دەبێتەوە

:: PM:09:14:14/04/2019 ‌
هاوكاتی هۆشداری لایەنە پێوەندارەكان لە بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر لە عێراق، وەزارەتی ناوخۆ رای دەگەیەنێ، لە قوتابخانەیەكی كچان لە بەغدا مادەی هۆشبەر دۆزراوەتەوە و زۆرینەی قوتابیەكانیش ئاڵوودەی بوونە.

ئەمڕۆ یەكشەم 14ی نیسان/ ئەپرێل، لە یەكێك لە قوتابخانەكانی كچان لە بەغدا مادەی هۆشبەر دەدۆزرێتەوە و پۆلیسیش دەڵێ، زۆرینەیان ئاڵوودەی بوونە.

جەمال ئەسەدی پشكێنەری گشتی لە وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ، بەڕێوەبەرایەتی كاروباری بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، زانیاری بەدەست گەیشتووە كە لە قوتابخانەیەكی ناوەندی كچان لە بەغدا ئاڵوودە بوو بە مادەی هۆشبەر هەیە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، دوای بەدواداچوون دەركەوتووە كە زۆرینەی رەهای قوتابیانی ئەو قوتابخانەیە دووچاری ئاڵوودە بوون بە بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر بوون، ئەگەر "نەڵێم هەر هەموویان".

ئەسەدی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیاكانی عێراقی، ئاشكرای كرد كە وەزارەتی ناوخۆ دەستنیشانی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەری لە پارێزگای بەسڕە كردووە بە تایبەت لەناو توێژی گەنجان، بۆ ئەمەش رێگە چارەی دەستنیشان كردووە بەڵام ئەوە پێویستی بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران هەیە.

زیاتر گوتی "لە دوا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كە رۆژی پێنجشەمی رابردوو ئەنجامدرا، عادل عەبدولمەهدی پێداگیری لەسەر بەهێز كردنی دامەزراوەی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر كردووەتەوە هاوشانی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پێی وایە مەترسی مادەی هۆشبەر هیچی كەمتر نییە لە تیرۆر".

پشكێنەری گشتی لە وەزارەتی ناوخۆ، ئەوەشی خستەڕوو كە لایەن هەیە پشتگیری لە بارزگانانی مادەی هۆشبەر دەكەن بە مەبەستی بەكارهێنانی عێراق وەك رێڕەوێك بۆ بردنە دەرەوەی و گەیاندنی بە وڵاتانی تر.

قسەكانی پشكێنەری گشتی لە كاتێكدایە رۆژی هەینی رابردوو لیوا فەیسەڵ عەبادی سەركردەی پۆلیسی پارێزگای دیالە، پووچەڵ كردنەوەی هەوڵێكی هێنانە ژوورەوەی  مادەی هۆشبەر بۆ ناو هەندێك لە قوتابخانەكانی پارێزگایەكە راگەیاند، گوتی "ئەوانەی لە پشت ئەو هەوڵە بوونە گیراون".

هاوكات دادگای لێكۆڵینەوەی ناوەندی لە ناوچەی رەسافەی بەغدا، رۆژی سێشەمی رابردوو ئاشكرای كرد، گرنگترین رێگەی هێنانە ژوورەوەی مادەی هۆشبەر بۆ ناو عێراق لە رێگەی ئاسمانەوەیە لە لبنانەوە، هەروەها لە رێگەی وشكانیش لە ناوچەی ئەهوازەوەیە.


وشە - فه‌رمان سادق