سبەی مووچەی پێنج شوێن دابەش دەكرێت

:: AM:10:07:15/04/2019 ‌
بڕیارە سبەی مووچەی سێ‌ وەزارەت و دوو بەڕێوەبەرایەتی دابەش بكرێت و هەفتەی داهاتووش كۆتایی بە دابەشكردنی مووچە دێت.

ئەمڕۆ دووشەم 15ـی نیسان، سەرچاوەیەك لە یەكێك لە گەنجینەكانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سبەی سێشەم مووچەی سێ‌ وەزارەتی حكوومەت دابەش دەكرێن کە بریتین لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی.

ئەو سەرچاوەییە گوتی، سبەی مووچەی دوو بەڕێوەبەرایەتی تایبەت دابەش دەكرێن بریتین لە پۆلیسی نەوت و گاز و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستان.

ئاشكرای كرد، ڕۆژی چوارشەم بەهۆی پشووە هیچ مووچەیەك دابەش ناكرێت و ڕۆژی پێنجشەم مووچەی هێزەكانی ئاسایشە و هەفتەی داهاتوو ڕۆژی چوارشەم كۆتایی دێت بە دابەشكردنی مووچە كە مووچەی خانەنشینی مەدەنی دابەش دەكرێت.

بۆ مانگی دووەمە مووچە لە هەرێمی كوردستان بەبێ‌ پاشەكەوت دابەش دەكرێت و مووچەی ئەو مانگەش مووچەی مانگی یەكی ساڵی 2019 دابەش کراوە.



وشە - رامیار جەواد