مەهدی عەلاق: زیانلێکەوتووانی سەردەمی بەعس لە کوردستان قەرەبوو دەکرێنەوە

:: AM:11:12:15/04/2019 ‌

ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رای دەگەیەنێت، لیژنەیەک لەنێوان حكومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان پێكهێنراوە بۆ قەرەبووی سەرجەم زیانلێكەوتووانی دەستی رژێمی روخاوی بەعس.

ئەمڕۆ دوو شەم 15ی نیسان، مەهدی عەلاق ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ "وشە" رای گەیاند، هەماهەنگییەكی زۆر باش هەیە لە نێوان حكوومەتی ناوەند و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بەتایبەت لەسەر پرسی بەجینۆساید ناساندنی ئەنفال و ئەو تاوانە گەورانەی لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەرحەق بە خەڵكی كوردستان کراون.

زیاتر روونی دەکاتەوە، دامەزراوەكانی شەهیدان لە حكوومەتی عێراق هەماهەنگییەكی باشیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكرواندا هەیە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و زانینی قەبارەی ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە گەلی كورد کراون.

"لیژنەی تایبەت لە نێوان دامەزراوەی شەهیدانی عێراق و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێكهێنراوە بۆ ئەوەی جگە لە گۆڕی بەكۆمەڵ قەبارەی تاوانەكانی تری بەعس بزانرێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی گونجاو زیانلێكەوتوانی دەستی بەعس قەربوو بكرێنەوە" مەهدی عەلاق وای گوت.

رۆژی یەکشەم 14ی نیسان ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رێوڕەسمی 31 ساڵەی تاوانی ئەنفال كە لەگوندی دێبنەی ناحیەی رزگاری بەڕێوەچوو، وەک نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەشداری کردبوو.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان