بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، بەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەكی بەهێز لە سنووری سلێمانی و گەرمیان هەستپێكراوە.
ئەمڕۆ دووشەم 15ـی نیسان، لە ڕوونكردنەوەیەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان هاتووە، بەیانی ئەمڕۆ سەعات نۆ و 34 دەقە بوومەلەرزەیەك بەگوڕی چوار پلە پێوەری ڕێختەر لە قوڵایی 13 كیلۆمەتر لە دووری 144 كیلۆمەتر لە ئەزمەڕ و 34 كیلۆمەتر لە خانەقین و نزیك قەسری شین ڕوویداوە.
كەشناسی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كردووە، لە سنووری گەرمیانیش بوومەلەرزەكە هەستی پێكراوە.
هاوكات، لە هۆشدارییەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان هاتووە، ڕۆژی سێشەم كاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست كار دەكاتە سەر هەرێمی كوردستان، سەرەتا باران لە سنووری پارێزگای دهۆك دەبارێت، لە شەودا كاریگەرییەكەی دەگاتە سەر هەموو پارێزگاكان.
كەشناسی ڕوونی كردۆتەوە، ڕۆژی چوارشەم باران تەواوی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و ئەگەری هەورە تریشقەش هەیە، پلەی گەرماش ڕوو لە نزمبوونەوە دەكات و لەهەمان ڕۆژ شەپۆڵەكە كەم دەبێتەوە و تەنیا لە دهۆك دەمێنێتەوە.
ڕوودانی ئەو بوومەلەرزەیە لە كاتێكە هەرێمی كوردستان لەسەر هیچ هێلێكی بوومەلەرزە نیە و هەفتەی ڕابردووش بوومەلەرزەیەكی تر بە گوڕی 3.7 روویدا.