وەزیری کارەبای عێراق لەمدواییانەدا سەردانێکی کەرکووکی کرد و دوای
ئەو سەردانەش ئاشکرا بووە ئێران کۆمپانیایەکی خۆی هانداوە پڕۆژەیەکی نیوەچڵی
بەرهەمهێنانی کارەبا لە کەرکووک، بە هاوکاری ئێران تەواو بکات.
کۆمپانیای نیشتیمانیی کارەبا لە کەرکووک بەمەبەستی تەواوکردنی پڕۆژەی
وێستگەی گازیی کارەبا لە دووبز لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئێرانی دەستی بە دانوستان
کردووە.
لوئەی ئەلخەتیب وەزیری کارەبای عێراق لە میانەی سەردانی ئەمدواییەی بۆ
کەرکووک فەرمانی بە کۆمپانیایەکی داوە کە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی وێستگەی
بەرهەمهێنانی کارەبا کە تواناکەی 320 مێگاواتە و 65%ی کارەکانی تەواو بووە لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئێرانی رێک بکەوێت.
وەزیری کارەبای عێراق باسی لەوەش کردووە پرۆپۆزەڵێک لە لایەن کۆمپانیایەکی رووسی بۆ
وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبای کەرکووک پێشکەش کراوە و داوای کردووە بۆ جێبەجێکردنی دوو یەکە بە توانای گشتی 320 مێگاوات کارەبا لە دووبز
کار بکات.
ماڵپەڕی "ئیرنا" وێرای ئاشکراکردنی ئەم زانیارییە ئەوەشی
خستووەتەڕوو کە یەکێک لەو بابەتانەی لە سەردانی حەسەن رووحانی سەرۆک کۆماری ئێران
بۆ بەغدا و سەردانی ئەمدواییەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێران باس و خواستی لەسەر بووە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی کارەبا بووە.
بە پێی رێککەوتنی وەزیرانی کارەبای ئێران و عێراق کۆمەڵێک پڕۆژە لە
بواری کارەبادا جێبەجێ دەکرێن یەکێک لەو پڕۆژانە بریتییە لە پاراستنی 30%ی کارەبای بەفیڕۆچووی عێراق تا کۆتایی 2020 و دابینکردنی کارەبای
پێویست بۆ عێراق تا ساڵی 2021.
ئێران لە ئەیلوولی ساڵی 2004ەوە
سەرووی 65 ملیار کیلۆوات سەعات
کارەبای بە بەهای شەش ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بە عێراق فرۆشتووە
کە تا ئێستە پێنج ملیار و 210 ملیۆن دۆلار لەو پارەیە
بە ئێران دراوە و نزیکەی ملیارێک دۆلاری لای عێراق ماوە.
هەر ئێستە ئێران هەزار و 490 مێگاوات کارەبا لە
سەعاتێکدا بۆ عێراق هەناردە دەکات.
گەرمبوونی پێوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق لەکاتێکدایە کە ئەمەریکا
سزای خستووەتە سەر ئێران و سەرەڕای ئەوەی کە دەستی عێراقی لە هەندێک پێوەندی
بازرگانی لەگەڵ ئێران واڵا کردووە بەڵام بە پەرسەندنی خێرای پێوەندییەکان
نیگەرانە.