هێرتا مولەر ژنە
نووسەری ئەڵمانی رۆمانیایی بە درێژایی ژیانی ملی بۆ رژێمی کۆمۆنیستی رۆمانیا نەدا
و لەپێناویدا ژیانێکی پڕ لە مەینەتی و ترس لە کوشتن رووبەڕووی بوویەوە، ئەو بە
نووسینەکانی ژیانی ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری پێشانی هەموو دنیادا و لەو پیناوەدا بوو
بە براوەی خەڵاتی ئەدەبی نۆبڵی 2009.
مولەر ساڵی 1953 لە گوندێکی رۆژاوای
رۆمانیا کە بە زمان ئەڵمانی بوون، لەدایک بوو و بنەماڵەکەیان لە کەمینە
ئەڵمانییەکانی ناو رۆمانیا هەژمار دەکران، دایکی دوای شەڕی دووەمی جیهانی لەلایەن
سەربازانی سۆڤییەت پەلکێشی کەمپە زۆرەملێکانی کار کرا، مڵکوماڵی باوکی کە خێزانێکی
ساماندار بوون لەلایەن حکوومەتی کۆمۆنیستی رۆمانیاوە زەوت کرا.
مولەر لەبەر ئەوەی
پێشنیازی حکوومەتی "نیکۆلای چاوشسکۆی" لە ساڵی 1970 بۆ سیخوڕیکردن قبوڵ نەکرد، لە مامۆستایی دوور خرایەوە و دەیانجار
هەڕەشەی کوشتنی لێکرا، تا ئەوەی دواجار ناچار کرا وڵات جێ بهێڵێت.
یەکەم کۆمەڵەچیرۆکی
مولەر ساڵی 1982 بە زمانی ئەڵمانی
چاپ کرا، بەڵام بەشی هەرە زۆری چیرۆکەکانی خرایە بەر چەقۆی سانسۆڕی حکوومەتی
کۆمۆنیستی رۆمانیا، بۆیە دواتر کتێب و نووسینەکانی بە قاچاغ دەگەیەندرایە دەرەوەی
رۆمانیا بۆ ئەوەی بتوانێ بەبێ سانسۆڕ لەچاپیان بدات.
ساڵی 1987 بە ناچاری بەرەو
ئەڵمانیا رۆیشت و لەبەر ئەوەی پێشتر هەردوو بەشی زمانی ئەڵمانی و ئەدەبیاتی
رۆمانیای لە زانکۆ تەواو کردبوو، راستەوخۆ لە ئەڵمانیا بوو بە مامۆستای زانکۆ و
ساڵی 1997 بە فەرمی بوو بە
ئەندامی هەمیشەیی ئەکادیمیای زمانی ئەڵمانی.
یەکەم پاڵنەری مولەر
بۆ بەرجەستەکردنی ئازارەکانی ژێر ستەمی حکوومەتە کۆمۆنیستەکان ئەوکاتە بوو کە
لەلایەن حکوومەتەوە داوای لێکرا ببێت بە سیخوڕی دەزگا تەناهییەکانی ئەو وڵاتە و
رەتی کردەوە، لەدوای رەتکردنەوەی ئەو پێشنیازە چەندان جار هەڕەشەی کوشتنی لێ کرا.
کاتێک خەڵاتی نۆبڵی
ئەدەبییان پێ بەخشی لە وەرگرتنیدا گوتی، کە یەکەم کتێبم ئامادەکرد بۆ چاپکردن،
ناچار بووم لە دارستانێکی دوورەدەست لەگەڵ دەزگە ئەڵمانییەکە کۆ ببمەوە لەترسی
ئەوەی نەوەک کەسێک گوێ لە گفتوگۆکانمان بگرێت، یەک لە شێوازەکانی سەرکوتکردنی
دەزگا تەناهییەکانی رۆمانیا ئەوە بوو ناچاریان دەکردم بەزۆر بەڵگەیەک واژوو بکەم
کە گۆیا من سیخوڕی ئەو دەزگایەم.
ساڵی 2009 کۆمیتەی نۆبڵی
ئەدەبیات رایگەیاند، خەڵارتی نۆبڵی ئەدەبی پێشکەش بە خاتو هێرتا مولەر دەکرێت، ئەو
نووسەرە بە نووسینەوەی شیعر و دەقەکانی بە زمانێکی رەوان، دەلاقەیەکی بەڕووی ژیانی
ئەو کەسانەدا کردووەتەوە کە سەرتاپای ژیانیان داگیر کراوە.
بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی
ئەدەبیات بە مولەر هاوکات بوو لەگەڵ بیستەمین ساڵیادی داڕمانی دیواری بەرلین، بۆیە
پێشوازییەکی گەرمی لەلایەن زۆرینەی هاووڵاتییانی ئەڵمانیاوە لێ کرا.
وەک کاردانەوەیەک
بەرامبەر وەرگرتنی خەڵاتەکەی، رۆژنامەی "ڤێست دویچە ئەلگماینە"ی ئەڵمانی
بە مانشێتێکی گەورە نووسی، دەبێ لە بایەخی سیاسی ئەو خەڵاتەیش تێبگەین، لەبەر
ئەوەی مولەر نووسەرێکی سیاسییە. بە نووسینەوەی ئەزموونی ژیان لەناو سیستەمێکی
دیکتاتۆری، خولیای گەیشتن بە ئازادی کردووە بە بابەتی ژیان و بەو کارەی بووە بە
درێژەدەری رێی هاێنڕیش بێڵ و گۆنتەر گراس.
گوتەبێژی لیژنەی
هەڵسەنگاندنی نۆبڵ لە وتارێکدا بە نوێنەرایەتی دامەزراوەی نۆبڵ سپاسی بەرەنگاری و
ئازایەتییەکانی مولەری کرد لە بەرامبەر حکوومەتی دیکتاتۆر و کۆمۆنیستی رۆمانیا و
رای گەیاند، مولەر باس لە کۆمەڵێک پرسی چارەنووسساز دەکات کە شایەنی ئەوەن لە
پێناویاندا شۆڕش بکەین.
نیشتمانی هەڵوژەکان
نیشتمانی هەڵوژەکان
یان "دڵە ئاژەڵییەکان" یەک لە رۆمانە هەرە بەناوبانگەکانی مولەرە کە
زۆربەی رەخنەگرە ئەدەبییەکان پێیان وایە بەهۆی کاریگەری ئەو رۆمانە خەڵاتی نۆبڵ بە
نووسەرەکەی بەخشرا.
ئەو رۆمانە یەکەمجار
ساڵی 1993 چاپ و بڵاو کرایەوە،
بەڵام فرۆشێکی ئەوتۆی نەبوو و تەنیا لەئاستی نووسەر و رەخنەگرە مەزنەکانی دنیای
ئەدەبیاتدا دەنگدانەوەی هەبوو، لەدوای بەخشینی نۆبڵی ئەدەبی 2009 بە نووسەرەکەی نیشتیمانی هەڵوژەکان چووە ناو ریزی پڕفرۆشترین
رۆمانەکانی جیهانەوە.
نیشتیمانی هەڵوژەکان
تیشک دەخاتە سەر ژیانی چوار گەنجی سەر بە کەمینە ئەڵمانییەکانی رۆمانی بە رەگەز
ئەڵمانیایی لە سەردەمی حوکمڕانی چاوشسکۆ.
ئەو رۆمانە چوار
پاڵەوانی سەرەکی هەیە، لەگەڵ ئەوەی هەریەک لە کەسایەتییەکان لێدەخرێت یان
بەشێوەیەک لە شێوەکان لە شێوەکان دەکوژرێت، کەسایەتییەکی تر جێگەی دەگرێتەوە، لۆلا
یەکەم پاڵەوانی ئەو رۆمانەیە کە لە گوندەوە هاتووەتە شار و لە زانکۆ لە بەشی زمانی
رووسی دەخوێنێ و دواتر تێکەڵ بە رێکخستنەکانی حزبی کۆمۆنیست دەبێت.
لۆلا کچە هەژارێکە کە
بۆ درێژەدان بە خوێندن ناچار بە ئەندامبوون لە حزبی دەسەڵاتدار دەبێت، لەو
رۆمانەدا مۆلەر زۆر بە وردی تیشک دەخاتە سەر فەزای سیاسیی سەردەمی دیکتاتۆری حزبی
کۆمۆنیست و پاڵەوانەکەی دوای بوون بە ئەندامی حزبی دەسەڵاتدار لە
بەشەناوخۆییەکەیدا دەچێتە ژوورەکەی، زۆربەی هاوڕێیانی پێشووی بێدەنگ دەبن و دواتر
کە وێنەی لەناو گۆڤاری حزب بڵاو دەبێتەوە، ئەو بێدەنگییە دەبێت بە رق و لەدواوە
هەموان سەرزەنشتی دەکەن.
چیرۆکی لۆلا
لەوکاتەوە دەست پێ دەکات کە یەکێک لە بەرپرسانی حزب دەناسێت، لۆلا دەڵێ "ئەوە
یەکەم پیاوە لێم نزیک دەبێتەوە و کراسی سپی لەبەر بێت".
لۆلا لە کۆتاییەکانی
ساڵی چوارەمی خوێندنی و دوای ئاشنابوون لەگەڵ بەرپرسە حزبییەکە، تەنیا چەند مانگێک
بەر لەوەی بڕوانامەکەی وەربگرێت و بەرەو زێدی خۆی بگەڕێتەوە، هاوڕێکانی تەرمەکەی
بە هەڵواسراوی لە ژوورەکەی دەهێننە دەرەوە و دواتر حزب لە بەیاننامەیەکدا کارەکە
بە خۆکوژی وەسفی دەکات و وەک ناپاکێک ناوی دەبەن و لە هەمان ئەو لاپەڕەیەی پێشتر
بە شانازییەوە وێنەی لۆلایان بڵاو کردبۆوە و بە ئەندامە ئایدیۆلۆژیستەکە ناویان
بردبوو، لە هەمان لاپەڕە وێنە هەڵواسراوەکەیان وەک خۆکوژێکی ناپاک کە بەو کارەی
رای گشتی شێواندووە، ناو و وێنەیان بڵاو کردەوە.
هێماکردنی فەزای ترس
و پڕ لە نەهامەتی رۆمانیا لەژێر دەسەڵاتی کۆمۆنیستی دیکتاتۆر چاوشسکۆ یەک لە خاڵە
هەرە کاریگەرەکانی نیشتیمانی هەڵوژەکانە، بەرجەستەکردنی نەهامەتییەکانی ژیانی چوار
پاڵەوانی ئەڵمانیزمان لەو چیرۆکەدا کە نە وەک هاووڵاتییەکی رۆمانی مامەڵەیان لەگەڵ
دەکرا و نە ئەڵمانییەکی بە تەواو مانا بوون، لەبەر ئەوەی ناوچەکەیان لە جوگرافیای
وڵاتی رۆمانیادا بوو.
لۆلا ئەگەرچی لە
سەرەتاکانی رۆمانەکە کۆتایی بە ژیانی دەهێنێت، بەڵام لە رێگەی دەفتەری
بیرەوەرییەکانی کە بۆ پاڵەوانی دووەمی رۆمانەکەی جێدەهێڵێت، تا کۆتایی بە مردووییش
وەک پاڵەوانی سەرەکی دەمێنێتەوە، دەفتەری بیرەوەرییەکانی وەک مولەر دەڵێ بە
دنیایەک ئازار و مەینەتی رەش کراوەتەوە، درێژەدەری رۆڵی لۆلایە لە تەواوەتی رەوتی
رۆمانەکە.
یەک لە دیالۆگەکانی
ناو رۆمانی نیشتیمانی هەڵوژەکان بەو شێوەیە، منداڵانی قوتابخانە ناتوانن رستەیەک
لەبارەی ئەو شتانەیش کە شانازی پێوە دەکەن بنووسن بەو مەرجەی وشەی
"ناچار"ی تێدا نەبێت، بۆ نمونە، من ناچارم، تۆ ناچاری ئێمە ناچارین...
ئەوان دەنووسن: "دایکم ناچار بوو پێڵاوێکی نوێم بۆ بکڕێ" ئەوە بە
تەواوەتی راستە، منیش هەر ئەوە دەکەم، بۆ نمونە هەموو شەوێک ناچارم لەخۆم بپرسم
ئاخۆ دەتوانم تا سبەی زیندو بمێنمەوە.
یەکێکیتر لە
دیالۆگەکان بەو شێوەیە، چووین بۆلای پاڕکە نەفرەتییەکە، ئەدگار گوتی: ئەگەر تەنیا
ئەو کەسەی مەبەستمانە وڵات جێ بهێڵێت، هەموو ئەوانیتر دەتوانن لێرە بمێننەوە.
یاخود: گریان قوڕگی
هەموانی گرتبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئیزنیان نەبوو بگرین، هەموان چەپڵەیەکی
تووندیان لێدا. هەمووی لەترسان هەوڵی ئەوەیان دەدا لە چەپڵە لێدانەکەدا پێش
ئەوانیتر بکەون.
رۆمانێکی تری مولەر
بەناوی "شەکەت" یەک لە رۆمانە هەرە ناودارەکانی ئەڵمانیا و جیهانە، ئەو
رۆمانە تیشک دەخاتە سەر ژیانی پیاوێک کە بۆ سەفەر دەچێتە شاری گولاگی رووسیا،
مولەر دەڵێ ئەو رۆمانەم بە تەعبیر وەرگرتن لە شیعرەکانی ئۆسکار پاستیۆر و
بیرەوەرییەکانی دایکم لە ئۆردوگا زۆرەملێکانی سۆڤییەت نووسیوە.
جیا لە خەڵاتی نۆبڵ
بۆ ئەدەبییان، هێرتا مولەر دەیان خەڵاتی تری ئەدەبی لەسەر ئاستی دنیا وەرگرتووە،
بەڵام دوو لە گرنگترینی ئەو خەڵاتانە، خەڵاتی فرانتس کافکا لە ساڵی 1999 و خەڵاتی دامەزراوەی
کۆنڕاد ئۆدناڤێرە لە ساڵی 2004.
مولەر تا ئێستە 18 کتێبی رۆمان، چیرۆک، شیعر
و کۆمەڵەوتاری چاپ کردووە و لەوانە "بنی خەرەند" لە ساڵی 1982 و
"پاسپۆرت" 1986 و "نیشتیمانی
هەڵوژەکان" 1994 و "کاتی
ژوان" 1997 و "برسێتی و
ئاوریشم" 2009 و "شۆڕابەی
هەناسەکان" کە لە ساڵی 2009 چاپکراوە.