پراگ شارێكی ئەكادیمی لە هەولێر دادەمەزرێنێت

:: PM:02:16:15/04/2019 ‌
لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەولێر و پراگ، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ مارتن سمۆڵینك كۆدەبێتەوە. جێگری وەزیری دەرەوەی چیك ئاشكرای كرد وڵاتەكەی بە نیازە شارێكی ئەكادیمی لە هەولێر دامەزرێنێت.

ئەمڕۆ دووشەم 15ی نیسان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مارتن سمۆڵینك جێگری وەزیری دەرەوەی چیك و كونسڵی ئەو وڵاتە لە هەولێر كۆبۆوە. نێچیرڤان بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا خواستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەكانی هەولێر و پراگی راگەیاند، پشتگیریی خۆیشی بۆ پڕۆژەكانی خوێندنی زانكۆیی چیكی لە هەرێمی كوردستان و پلانی دامەزراندنی شاری ئەكادیمیی چیكی لە هەولێر نیشاندا.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا جێگری وەزیری دەرەوەی چیك ئاماژەی بەوەدا كە ‌كونسولخانەی گشتیی وڵاتەكەیان لە هەرێمی كوردستان دەست دەكاتەوە بە پێدانی ڤیزا بۆ كارسازان و بازرگانان و ئەو قوتابیانەی دەیانەوێت لە چیك بخوێنن، داوایشی لە هەرێمی كوردستان كرد نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پراگ بکەنەوە.

ئەنجووومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەكدا لەبارەی كۆبوونەوەكە كە وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە، دەڵێ، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و جێگری وەزیری دەرەوەی چیك، تاوتوێ كردنی دوایین پێشهاتەكانی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و هەوڵ و گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بووە.

چیك یەكێكە لە وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا و ساڵی 1996 لەگەڵ سلۆڤاكیا لە یەكتری جودا بوونەوە و وەك دوو دەوڵەتی سەربەخۆ، ماوەی چەند ساڵێكیشە لە هەرێمی كوردستان كۆنسڵخانەی گشتی كردووەتەوە.




وشە - فه‌رمان سادق