وشە وردەكاری راپۆرتی 2018ی دەستەی دەستپاكی بڵاو دەكاتەوە

:: PM:02:26:15/04/2019 ‌
لە ماوەی ساڵێكدا 170 كەیسی گەندەڵی لە كوردستان تۆمار كراوە و 33 كەیس یەكلا كراوەتەوە كە  20یان دواتر ئازاد كراون و بڕی 38 ملیار دینار بۆ گەنجینەی حكوومەت گەڕێندراوەتەوە. بەپێی راپۆرتی دەستەی دەستپاكی بێت لە 2018 دەستەكە 198 بڕیاری گرتنی دەركردووە كە دوو لەوانەی بڕیاری گرتنیان دراوە وەزیر بوون و زۆرترین سكاڵاش دژ بە وەزارەتی دارایی تۆمار كراوە، بەڵام بەشی زۆری بڕیارەكانی گرتن جێبەجێ نەكراون. سەرۆكی دەستەكەش كێشە و گرفتەكانی بەردەم بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەستنیشان دەكا و داوا دەكات هاوشێوەی بەغدایان لێ بكرێت.

170 كەیسی گەندەڵی لە 2018 هەبووە
سەرجەمی كەیسەكانی گەندەڵی لە ساڵی 2018 بەپێی راپۆرتی دەستەی دەستپاكی بێت، ئەوا 170 كەیسە كە رەوانەی دادگاكانی كەتن و تاون كراون.
بەپێی راپۆرتەكە بێت 76 كەیس لە هەولێر هەیە كە 49یان رەوانەی دادگای تاوان و 27یان رەوانەی دادگای كەتن كراوە، تا ئێستەش 15 كەیسان یەكلا كراوەتەوە و 53یان هێشتا لە دادگایە و هەشت كەیسش گەڕاوەتەوە. لە سلێمانی 54 كەیس هەبووە و 35ی رەوانەی دادگای تاوان و 19یان رەوانەی دادگای كەتن كراوە، لەم ژمارەیە تەنیا دوو كەیس یەكلا كراوەتەوە و 44ی تری هێشتا لە دادگایە و هەشتیان دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ دەستە، لە دهۆك 40 كەیس هەبووە و 18یان رەوانەی دادگای تاوان و 22ەكەی تریش رەوانەی دادگای كەتن كراوە، لەم ژمارەیە 16یان یەكلا كراوەتەوە و 20یش هێشتا لە دادگا ماوەتەوە و تەنیا دووانیان گەڕاوەتەوە بۆ دەستە.

لەو 33 كەیسەی یەكلا كراوەتەوە، لە هەولێر كەیسێكیان ئیدانە كراوە و 14ەكەی تری ئازاد كراون، لە سلێمانی هەردوو كەیسەكە ئیدانە كراوە و لە دهۆكیش 10یان ئیدانە كراوە و شەشیان ئازاد كراون.

لە وەزیرەوە تا كاسبكار بڕیاری گرتنیان هەیە
ئەوانەی لە دەستەی دەستپاكی بڕیاری تۆمەتبار بوونیان بۆ دەرچووە ژمارەیان 198 كەس بووە، دوو لەوان پۆستی وەزیریان هەیە، یەكێكیان سەرۆكی دەستەیە و سێیان سەرۆكی شارەوانین.
جگە لەوانە سێ بەڕێوەبەری گشتی و 41 بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەری شارۆكەیەك و دوو بەڕێوەبەری شارەدێ و بەڕێوەبەرێكی كارگێڕی و یەك بەڕێوەبەری ژمێریاری و 73 فەرمانبەری تری ئاسایی هەن، هاوشانی ئەوانەش 18 كاسب و سێ پارێزەر و رۆژنامەنووسێك و پڕۆفیسۆرێك و ئەندازیارێك و سێ مامۆستا هەن.
هاوشانی ئەوانە، لیوا روكنێك و دوو ئەفسەری تری سەربازی و نۆ ئەفسەری پۆلیس و هەشت رێپێدراوی پۆلیس و دوو كارمەندی ئاسایش هەن. هەر لە راپۆرتەكەدا بە وردی باسی ئەو وەزارەت و لایەنە پەیوەندارانە كراوە كە دەستە بڕیاری گرتنی لە دژ دەركردوون.

بڕیارەكانی دەستە پشتگوێ دەخرێن
بەپێی راپۆرتەكەی دەستە بێت، پێدەچێت كەمترین بەدەمەوە چوون بۆ بڕیارەكانی دەستە هەبێت، لە وەختێك لە ماوەی ساڵی رابردوودا دەستەی دەستپاكی 140 بڕیاری ئامادەبوونی دەركردووە بەڵام تەنیا 82یان ئامادە بووینە و 54 بڕیاری گرتنی دەركردووە و تەنیا 26یان جێبەجێ كراوە، واتە 86 بڕیاری دەستە پشتگوێ خراوە و جێبەجێ نەكراوە.

بڕی پارەی گەڕاوە
یەكێك لە ئەركە سەرەكییەكانی دەستەی دەستپاكی كە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە، بە دیوەكەی تر رێگری كردنە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەڕاندنەوەی پارەی دزراوە.
لە راپۆرتەكەی 2018ی دەستەی دەستپاكی باس لەوە كراوە كە لە ماوەی ساڵی رابردوودا توانیویانە 38 ملیار و 381 ملیۆن و 82 هەزار دینار بۆ گەنجینەی گشتی بگەڕێننەوە.
بە پێی راپۆرتەكە بێت لە هەولێر گومانی گەندەڵی لەسەر 274 ملیار و 842 ملیۆن و 885 هەزار دینار هەبووە، لەم بڕەشدا سێ ملیار دیناری مانگە گەڕێندراوەتەوە گەنجینەی گشتی كە دەكاتە 36 ملیار دینار لە ساڵێكدا.
لە سلێمانی تەنیا 22 ملیار و 735 ملیۆن و 401 دینار گومانی گەندەڵی لەسەر هەبووە، لەم بڕەشدا 17 ملیار و 45 هەزاری دەستی بەسەردا گیراوە و دوو ملیار و 381 ملیۆن و 82 هەزاریشی گەڕێندراوەتەوە گەنجینەی گشتی.
پێوەند بە دهۆك گومانی گەندەڵی لەسەر 855 ملیۆن و 198 هەزار دینار هەبووە بەڵام دەستە نەیتوانیوە دەستی بەسەردا بگرێت و نەیتوانیوە بیگەڕێنێتەوە بۆ گەنجینەی گشتی، بۆیە لە راپۆرتەكەیدا چارەنووسی ئەو بڕە پارەیە دەستنیشان نەكراوە.

وەزارەتی دارایی زۆرترین سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە
بەپێی راپۆرتەكەی دەستەی دەستپاكی بێت، ئەوا وەزارەتی دارایی و ئابووری زۆرترین داوای یاسایی لە دژ تۆمار كراوە و پاشان وەزارەتی ناوخۆ.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە 29 داوای یاسایی دژ بە وەزارەتی دارایی و 26 داوای یاسایی دژ بە وەزارەتی ناوخۆ و 19 داوای یاسایی دژ بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار تۆمار كراون.
هەر لە راپۆرتەكەدا لە باسی پلەی وەزیفی ئەو كەسانەی لە سێكتەری گشتی حكوومەت سكاڵایان لە دژ تۆمار كراوە، فەرمانبەری ئاسایی لە پلەی یەكەم دێت كە 69 فەرمانبەرە، پاشان بەڕێوەبەر دێت كە 39 بەڕێوەبەرە.

گرفت و بەربەستەكانی بەردەم چاكسازی
دەستەی دەستپاكی لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بە گرفتەكانی بەردەم بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كردووە، دەڵێ، یەكێك لە گەورەترین گرفتەكان كێشەی لێكۆلەری دەسپاكییە كە بەپێی یاسای ژمارە سێی ساڵی 2011ی هەمواركراوی دەستە، ئەو بابەتە "گرنگە" بە دەسەڵاتی دادوەری سپێردراوە.
زیاتر روونی دەكاتەوە كە داوایان كردووە دەسەڵات بە دەستە بدرێت بۆ دامەزراندنی لێكۆڵەر بەڵام بەهۆی ناكۆكی لیستەكانی ناو پەرلەمان ئەو بڕگەیە لە هەموواری یاسایەكە پشتگیری نەكراوە و ئەمەش "زیانێكی گەورەی بەڕەوتی بەرەو پێشچوونی دژایەتی گەندەڵی كەوت".

دەستەی دەستپاكی دەڵێ، تەنیا 13 لێكۆڵەری هەیە بۆ زیاتر لە 800 هەزار فەرمانبەری كەرتی گشتی، ئەوەش روون دەكاتەوە كە داوایان لە دەسەڵاتی دادوەری كردووە بۆ دامەزراندنی لێكۆڵەر، بەڵام بە "بیانوی نەبوونی دەقێكی ڕوون لە یاساكەمان سەبارەت بە دامەزراندنی لێكۆلەری دەستە ڕێگریان لێكردین".

دەستەی دەستپاكی داوا لە پەرلەمانی كوردستان دەكات ئەو كێشەیەیان بۆ چارەسەر بكەن، جگە لەمەش پێی وایە بوونی پارێزبەندی یەكێكی ترە لە رێگرییە یاساییەكان كە زۆرێك لە سەندیكاكان پارێزبەندییان هەیە، بۆیە دەستە بۆ هەر پرسێكی لێكۆڵینەوە دەبێت رەزامەندی ئەو سەندیكایانە وەربگرێت.

هەر لە دیوە یاساییەكەی، لە راپۆرتی 2018ی دەستەی دەستپاكی باس لە نەبوونی دادگایەكی تایبەتمەند كراوە بۆ كەیسەكانی گەندەڵی كە بە یەكێكی تر لە كێشەكان ناسێنراوە و پێی وایە نەبوونی كاریگەری نەرێنی خستووەتە سەر رەوتی لێكۆڵینەوە و دادبینییەكان، دەڵێ "نەبوونی دادگایەكی تەرخانكراو بۆ كەیسەكانی گەندەڵی یەكێكە لە كێشەكانی بەردەم خێرا یەكلایكردنەوەی كەیسەكانی گەندەڵی لە كاتێكدا دەستە ژمارەیەكی زۆر كەیس ڕەوانەی دادگاكان دەكات بەڵام زۆر لە دادگاكان دەمێننەوە كەیس هەیە زیاتر لە دوو ساڵە لە دادگایە".

دەستەی دەستپاكی رەخنە لە ئازادكردنی ژمارەیەك لە بەندكراوان دەگرێت كە لەسەر كەیسی گەندەڵی گیراون و بەر لێبووردنی گشتی كەوتوون ئەگەرچی لەلایەن پەرلەمانەوە ئەوا هاوێر كراون.

 هاوشێوەی بەغدا
دەستەی دەستپاكی پێی وایە بۆ بەرەوپێش بردنی دژایەتی گەندەڵی دەبێت هاوشێوەی بەغدا دادگایەك تەرخان بكرێت بۆ ئەوەی كەیسەكان بە زوویی یەكلابكرێنەوە گەندەڵكاران سزا بدرێن و ببنە بەر پەچدانەوەیەكی باش بۆ ڕێگری كردن لە تاوانەكانی گەندەڵی لە داهاتوودا، دەڵێ، بوونی دادگاكە رێگری لە زۆر فشار و دەستوەردان دەكات لە قۆناغی دادگایی كردنی تومەتباران چونكە دەستە دەتوانێ باشتر چاودێر و هاوكاری ئەو دادگایە بێت.      

گرفتی دارایی و كارگێڕی
دەستەی دەستپاكی كە ساڵی 2014 دامەزراوە، كە سەرەتای تەنگژەی دارایی و ئابووری بوو لە كوردستان، لە راپۆرتەكەیاندا ئاماژە بەوە كراوە تەنگژەی دارایی كاریگەری نەرێنی لەسەر كاری دەستەكە كردووە و نەتوانراوە پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكرێت چ لە رووی بینای گونجاو و ئۆتۆمبێل و نەبوونی بودجەی پێویست و كەمی فەرمانبەری پسپۆڕ لە بواری یاسایی و وردبینی.
جگە لەمە، پەیوەست بە بنیاتنانی  تواناكانی فەرمانبەران لە بواری یاسایی وەك لێكۆلەر و ووردبین و پسپۆریەكانی تر، دەستەی دەستپاكی ئاماژە بە كردنەوەی وۆرك شۆپی تایبەت و هێنانی پسپیۆڕانی بیانی یان ناردنی فەرمانبەران بۆ خولی تایبەت لە دەرەوەی وڵات دەكات، پێی وایە ئەمەش یەكێكی ترە لە كەموكوڕییەكانی بەردەم دژایەتی كردنی گەندەڵی.


وشە - فه‌رمان سادق