هەواڵگری عێراقی زانیاری لەبارەی بڕوانامەی سەركردەكانی داعش بڵاو دەكاتەوە

:: PM:02:55:15/04/2019 ‌
دەزگای هەواڵگری سەربازی عێراقی، زانیاری كەسی لە بارەی بڕوانامەی سەركردەكانی داعش بڵاو دەكاتەوە و دەڵێ، زۆرینەیان بڕوانامەی باڵایان هەیە لە پسپۆڕی جیاواز دا. بەگوێرەی زانیارییەكانیش بێت ئەبوبەكر بەغدادی دكتۆرای لە شەریعەتی ئیسلامی هەیە.

ئەمڕۆ دووشەم 15ی نیسان ، سەعد عەلاق بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی رای گەیاند، زۆرینەی سەركردەكانی داعش بڕوانامەی باڵایان هەیە.

عەلاق لە دیمانەیەكدا لەگەڵ گۆڤاری "یونیباس"ی سەربازی ئەمەریكی، ئاشكرای كردووە كە توێژینەوەی و شیكردنەوەیان لەسەر هەندێك لە سەركردەكانی داعش كردووە، دەركەوتووە تەنیا ژمارەیەكی كەمیان بڕوانامەی بەكالۆریۆس یان ماجستێرییان هەیە و پسپۆری جیاوازیشیان هەیە لە زانستە سەربازییەكان.

زیاتر گوتی "زۆرینەیان بڕوانامەی دكتۆرایان هەیە، لەوانە ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی بڕوانامەی دكتۆرای هەیە لە شەریعەتی ئیسلامی، ئەبو عەبدولرەحمان بیلاوی جێگری بەغدادی و وەزیری جەنگ لە دەوڵەتی ئیسلامی بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەیە لە زانستە سەربازییەكان، هەروەها حەجی سەمیر كە یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی داعش و بەرپرسی دەستەی دروستكردن و پێشخستنی چەك بووە، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەبووە لە زانستە سەربازییەكان".

بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری سەربازی، ئەوەشی خستەڕوو بەشێكی زۆریان دەرچووی كۆلیژی پزیشكی بووینە، بەڵام ئەوانەی ئاستی خوێندنیان سنووردار بووە بەكاریان هێناون وەك كەرەستەی جێبەجێ كردنی بڕیار و پیلانەكانیان لەناو عێراق، ئەو توێژەش لەناو داعش زۆرینە بوون بەو پێیەی ئەوانە ئاسانتر لە پلانەكان تێ دەگەن و باشتریش جێبەجێ دەكەن لەوەی پشت بەوانە ببەستن كە تەمەنیان 15 ساڵی تێپەڕ نەكردووە، ئەمەش وای كردووە كە زۆرینەی ئەوانەی كردەی خۆكوژییان ئەنجام داوە لە ریزی داعش تەمەنیان لە خوار 18 ساڵ بێت.




وشە - فه‌رمان سادق