لە ماوەی مانگێکدا 366 هەزار کەسی تر بە ژمارەی
بێکاران لە تورکیا زیاد بووە و رێژەی بێکاری لەو وڵاتەی گەیاندووەتە بەرزترین ئاست
کە لە 10 ساڵی رابردوو تۆمار
کرابێت.
بەگوێرەی ئاماری دامەزراوەی تورک ستات کە ئەمڕۆ دووشەم بڵاو کرایەوە، رێژەی بێکاری لە
تورکیا لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بە 14.7% داندراوە کە بەراورد بە
مانگێک پێشتر 1.2% زیادی کردووە. مانگێک
پێشتر رێژەکە 13.5% بوو.
کۆی ژمارەی بێکاران لە تورکیا گەیشتووەتە چوار ملیۆن و 700 هەزار کەس و رێژەی بێکاری لە نێو گەنجانیش
بریتییە لە 26.7%. ئابووری تورکیا لە ژێر
کاریگەریی هەڵاوسان و دابەزینی نرخی لیرە تووشی پاشەکشە بووە .
پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا کە لە دەیەی یەکەمی سەدەی نوێی زایینی
رۆڵی زۆر کارای هەبوو لە پێشخستنی ئابووری ئەم وڵاتە، لە دەیەی دووم رۆڵەکەی
نیگەتیڤ بووە و سیاسەتە تاکڕەوییەکانی ئەردۆغان هۆکاری سەرەکی بووە لەوەی ئابووری
تورکیا تووشی پاشەکشە ببێت.
بەگوێرەی "ئەفکارنیوز" هەڵبژاردنی ئەمدواییەی تورکیا دەری
خست کە متمانەی هاووڵاتیان بە پارتی دەسەڵاتدار دابەزیوە و لە زۆربەی ئەو شارانەی
کە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن توانیویانە سەرکەون، رێژەی هەڵاوسان تێیاندا بەرز بووە.