سكاڵا لەسەر ئەو كەسانە تۆمار دەكرێ‌ نەمام دەشكێنن

:: PM:03:30:15/04/2019 ‌

ئەمڕۆ لە شارۆكەی پێنجوێن كۆتایی بەقۆناغی یەكەمی نەمام چاندن، هات كە تیایدا پێنج هەزار نەمام لەلایەن خێرخوازێكی دانیشتووی ناوچەكەوە دابین كرابوو، هاوكات سكاڵاش لەسەر ئەو كەسانە تۆمار كرا كە هەستاون بەشكاندنی چەندان لقی درەخت و نەمام.

ئەمیر سۆفی، لێپرسراوی راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی پێنجوێن، بە "وشە"ی راگەیاند، دوای ئەوەی لەسەرەتای مانگی رابردوو لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاندنی (20) هەزار نەمام، لە سنووری شارۆكەی پێنجوێن و دەوروبەری دەستكرا بەچاندنی پێنج هەزار نەمام، ئەمڕۆ دووشەم كۆتا نەمامی قۆناغی یەكەم چێنرا.

زیاتر گوتی، ئەم نەمامانە لەلایەن خێرخوازێكەوە دابین كرابوو، بڕیارە بەچەند قۆناغێك پڕۆسەكە بەردەوام بێت، لە ماوەی داهاتوویشدا، قوناغەكانی تر دەست پێ دەكات، بۆیە "داوا لە هاووڵاتییانی ناوچەكەمان دەكەین هاوكاربن لەپاراستنی نەمامەكان".

ڕوونیشی كردەوە كە لە ڕێگەی بەشی یاسایی شارەوانی پێنجوێنەوە لە بنكەی پۆلیسی پێنجوێن سكاڵا تۆماركرا و ڕێكاری یاسایی دەگیرێتە بەر، بەرانبەر ئەو كەسانەی ماوەیەكە لەدوای ئەنجامدانی پڕۆسەكە، هەستاون بە شكانەوەی ئەو نەمانەی كە تیمەكانمان لەڕەوشی كەشوهەوای نالەبار و بەماندووبوونێكی زۆر چاندبوویانە".

شارۆكەی پێنجوێن، نزیكەی 96 كیلۆمەتر لەشاری سلێمانییەوە دوورە و بەهۆی هەڵكەوتەی ناوچەكەشەوە، خاوەنی ژینگەیەكی لەباری جوان و چەندان نەمامی سروشتی و دەستكردە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم