پەرلەمانی عێراق دوا بڕیار دەدات.. پەكەكە لە شنگال دەردەكرێ‌

:: PM:03:59:15/04/2019 ‌
 
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، راپۆرتی لێكۆڵینەوە لە دۆخی شنگال ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە و دەخرێتە بەرنامەی كار و دەنگی لەسەر دەدرێت. دووپاتی لەوەیش كردەوە كە بەپێی راپۆرتەكە پەكەكە لە شنگال دەردەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 15ی نیسان، شێروان دووبەردانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق  بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ماوەیەك پێش ئێستە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە دۆخی شنگال پێكهات و لیژنەكە سەردانی شنگالی كردوو لێكۆڵینەوەی وردی كرد.

دووبەردانی كە خۆی سەرۆكی ئەو لیژنەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو بۆ لێكۆڵینەوە لە دۆخی شنگال گوتی، لە راپۆرتی دۆخی شنگال دەركەوت كە پەكەكە كێشەی سەرەكییە بۆ تێكچوونی دۆخی شارەكە و خەڵكیش نایەوێت پەكەكە لە شنگال بمێنێتەوە، بۆیە لە راپۆرتی خۆمان ئاماژەمان پێكردووە و داوامان كردووە پەكەكە لە شنگال دەربكرێ.

هەروەك ئاماژەی بەوە كرد، ڕاپۆرتەكە ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران كراوە و لەم هەفتەیە دەخرێتە بەرنامەی كار و پەكەكە بەفەرمیی بڕیاری دەركردنی لەشنگال دەدرێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، پەكەكە بووەتە بەڵا بۆ شنگال و هەر جارە و كێشەیەك دروست دەكات و نایەوێت دۆخی تەناهیی ناوچەكە ئارام بێت.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر "وشە" ئاشكرای كردبوو، ڕێككەوتن لەنێوان چەكدارانی حەشدی شەعبی و پەكەكە لە شنگال هەیە و ئەوان ڕێ‌ نادەن ئیدارەی شەرعی شنگال بگەڕێنەوە.

هەولێر/ بڵند ئیبراھیم



وشە - سه‌رخێڵ هاشم