سکچوون و ڕشانەوە لە سەرەتای وەرزی بەهار و هاویندا لەگەڵ
بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات بەتایەبەت لە منداڵاندا،
د.دەوەن دڵشاد پزیشکی پسۆڕی منداڵان لەبارەی
زیادبوون و بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە لە وەرزی گەرمادا بۆ "وشە" گوتی،
بەهۆی ڤایرۆسی "ڕۆتا ڤایرۆس" کە 70% هۆکاری
توشبوونی منداڵان بە سکچوون و ڕشانەوە بەهۆی ئەو ڤاییرۆسەوە دەبێت، چونکە لەگەڵ
دەستپێکردنی گەرمادا ئەم جۆرە ڤایرۆسە چالاکتر دەبێت و پاکوخاوێن رانەگرتنی
منداڵان و تێکەڵبوونیان لەگەڵ منداڵانی دیکە هۆکاری سەرەکیە بۆ گواستنەوەی نەخۆشییەکە
و تەشەنەکردنی.
ئەوپزیشکە ئاماژەی بەوکرد، بەهۆی کوتانی منداڵان "ڤاکسین"
توانراوە ئەو ڕێژە زۆرەی کە لە سکچوونی منداڵان لە ساڵانی ڕابردوو بە شیوەیەکی بڵاوتر
و بەرچاوتر هەبوو ، ئێستا بە ڕێژەیەکی باش کۆنترۆڵ بکرێت و کەم ببێتەوە، بەڵام
هێشتا منداڵێکی زۆر هەن کە بەهۆکاری جیاواز تووشی سکچوون و ڕشانەوە دەبن.
* هۆکارەکانی توشبوون بە سکچوون و ڕسانەوەی منداڵان
چالاکبوونی ڤایرۆسی (ڕۆتا ڤایرۆس) لە وەرزی بەهار و هاویندا.
بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، هۆکارە بۆ ئەوەی منداڵان توشی ڕشانەوە و دواتر
سکچوون بن، بەتایەبت کە تیشکی خۆر و گەرما کاریگەری لەسەر زوو تێکچوونی خواردن
دەبێت، ئەوکاتە دەبێتە هۆی ژەهراوی بوونی خواردنەکە و دوای خواردنی لەلایەن
منداڵەکەشەوە دەبێتە هۆی ژەهراوی بوونی منداڵەکە و توشی سکچوون و ڕشانەوەی دەکات.
یاریکردن و مانەوەی منداڵ بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەر تیشکی خۆر وادەکات
منداڵ بە خۆر بکەوێت کە دەبێتە هۆی ئەوەی پلەی گەرمی لەشی بەرز بێتەوە و توشی
ڕشانەوە ببێت.
تێکەڵاوبوونی منداڵی توشبوو لەگەڵ منداڵانی تر دەبێتە هۆی ئەوەی
منداڵانی تریش توشی نەخۆشییەکە ببن بەتایبەت لەشوێنی یاریکردن یاخود مەلەوانگە یان
قوتابخانە.
* چارەسەرکردنی سکچون و ڕشانەوەی منداڵان
زۆرینەی حاڵەتەکانی سکچون لە منداڵاندا خۆیان باش دەبن، تەنیا لەسەر
دایکان و باوکان پێویستە نەھێڵن منداڵەکەیان تووشی وشکبوونەوە ببێت ئەویش بە
پێدانی گیراوە کە پزیشک جۆری دەرمان و بڕی پێدانەکەیان بۆ دیاری دەکات.
هەندێک کات کۆنتڕۆڵی سکچوون ناکرێ و ڕشانەوەیشی لەگەڵدا دەبێت، یاخود
منداڵەکە تایەکی زۆری دەبێت، یان پیساییەکەی لینجاو یان خوێنی لەگەڵدا دەبێت،
ئەگەر بۆ ماوەیکی زۆر بەردەوام زیاد بکات و درێژە بکێشێت، دەبێ بە زووترین کات
بگەیەنرێتە لای پزیشکی پسپۆڕی منداڵان، چونکە لە حاڵەتی بەردەوامبوونی سکچوون و ڕشانەوەدا
ئەگەری وشک بوونەوەی منداڵەکە هەیە، بۆیە دەبێ لەژێر چاودێری پزیشکدا چارەسەر
وەربگرێت.
* دیارترین نیشانەکانی وشکبوونەوە بەھۆی سکچوونی منداڵاندا
-لەمنداڵانی خوار یەک ساڵ نەرمایی مەڵاشوویی منداڵەکە چاڵ دەبێت.
-نەگەڕانەوەی
پێستی سک بۆ شوێنی خۆی بە خێرایی کاتێک بە دوو پەنجە بەشێکی پێستی سک بەرزکەینەوە.
-بەقووڵداچوونی چاوەکان.
-کەم بوونەوە یان نەمانی فرمێسک لەکاتی گریان.
-زۆر تینوبوون و داواکردنی ئاو بە بەردەوامی، یان نەمانی توانای خواردن
و خواردنەوە.
هەولێر/ ئیڤان عەبدولرەحمان