توركیا چاوی لە چەكە ئەمەریكییەكانی دەستی هەسەدەیە


توركیا چاوی لەسەر كورد لە هەر شوێنێكی دنیا لانادات و بۆ ساتێكیش لە چاودێریكردنی ورد و درشتیان كۆڵ نادات، یەكێك لەو كێشانەی كە توركیا لەگەڵ ئەمەریكا هەیەتی ئەو چەكە ئەمەریكییە پێشكەوتووانەیە كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمەریكا داویانەتە هێزەكانی سووریای دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی گەل بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە سووریا، بۆیە توركیا بە بەردەوام داوای كردووە كە دەبێت ئەو چەكانە لای هەسەدە نەمێننەوە، بەڵام چارەنووسیان چییە؟

بەشێك لە سیاسەتوان و شارەزایانی سەربازی پێیان وایە كە راگەیاندنی ئەمەریكا بۆ پاشەكشەكردنی هێزەكانی لە سووریا خاڵێكی پڕۆژەی كۆشكی سپی بووە بۆ بەهێزكردنی هەسەدە و هەوڵێكیش بوو بۆ پاڵنانی توركیا بەرەو جەمسەرگیری لە یارییەكە بۆ ئەوەی نەبێتە بەربەستێك لەپێشی، زیاتر لەوە بۆ دامەزراندنی قەوارەیەكی سەر بەخۆی لە سووریا.  

مەحموود عوسمان، شرۆڤەكاری سیاسی توركی دەڵێت، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەناوی جەنگی داعشەوە بڕێكی زۆری چەكی جۆراوجۆر بە هەسەدە دراوە و بەشێكی ئەو چەكە دەچێتە دەستی پارتی كرێكارانی كوردستان كە توركیا بە تیرۆریستی دەزانێت، زیاتر گوتی، توركیا لەو چەكداریكردنەی هەسەدە نیگەرانە، بەتایبەتی لە قۆناغی دوای نەمانی داعش و كۆنترۆڵكردنی باغووز كە دوا پێگەی رێكخراوەكە بووە لە سووریا، بۆیە چەندان پرسیار هەن لەبارەی ئاخۆ ئەو چەكانە كە بەشی سوپایەكی تەواو دەكەن، بۆ كوێ دەچێت؟، دوای ئەوەی بوونە هۆی خستنەخوارەوەی كۆپتەرێكی توركی لە سووریا.

عوسمان ئاماژەی كرد، نیگەرانی توركیا زیاتر دەبێت كاتێك هیچ لایەنێك لەوانەی چەكەكەیان بە هەسەدە داوە روونی دەكەنەوە كە چارەنووسی ئەو چەكانە چی دەبێت، ئەو شرۆڤەكارە روونی كردەوە تا ئێستە وڵامی ئەو پرسیارەی توركیا ناروونە، بۆیە هەست بەوە دەكات كە تەناهی ستراتیجییەكەی لەژێر هەڕەشەیە بەهۆی بوونی ئەو چەكە پێشكەوتووانە بە دەستی ئەو هێزانەی بە نەیاری خۆیان دەزانێت.

عوسمان روونی دەكاتەوە كە ئەمەریكا دەیەوێت لە رێگەی بەڵێندان بە توركیا بۆ دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لە باكوری سووریا كاتەكە بكوژێت تا ئەو ساتەی پارێزییەكی ئەوروپی بۆ هەسەدە لە سووریا دابین دەكات، بۆیە پلانی ئەمەریكا بۆ قۆناغی داهاتوو بریتییە لە جیاكردنەوەی ئەو ناوچانەیە كە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەن لەگەڵ ناوچەی ئارام كە تا ئێستە رووبەر و قووڵایی ئەو ناوچەیە دیاری نەكراوە و رەنگە ئەو ناوچەیە لەلایەن واشنتنەوە تەڵەیەك بێت بۆ توركیا.

ئەو شرۆڤەكارە سیاسییە زیاتر دەڵێت، دوای ناوچەی ئارام ئەمەریكا دەتوانێت فشار بخاتە سەر ئەنكەرە بۆ رازیبوونی بە مەرجەكانی تری ئەمەریكا لەوانەش دروستبوونی قەوارەیەكی سەربەخۆ بۆ هەسەدە، كە ئێستە بووەتە خاوەن چەكی پێشكەوتوو و هێزێكی سەربازی كاریگەر.

لە كۆتای 2018 دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە تەواوی هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە سووریا پاشەكشە پێ دەكات، دواتر بڕیاری هێشتنەوەی چەند سەت سەربازێكی راگەیاند بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی رووبەڕووی هاتەوە، هاوكات ترەمپ لە 23ی ئازاری رابردوو رای گەیاند كە تەواوی هێزەكانی سووریا و عێراقیان لە داعش پاككردووەتەوە و هەر ئەو ساتەیش هەسەدە سەركەوتنی سەربازی بەسەر داعش بە ئازادكردنی باغووز راگەیاند.

ئەحمەد رەحال، شارەزای سەربازی دەڵێت، پێم وا نییە كە ئەمەریكا چەكەكانی لە هەسەدە وەربگرێتەوە، چونكە هاوكاری لە نێوانیان كۆتای نەهاتووە و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش دەڵێت، پەنا بۆ بەكارهێنانی هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا لە دەرەوەی سووریا دەبەین و ئەوەش دووپاتی دەكاتەوە كە ئەمەریكا پێویستی بە پاڵپشتی سەربازی و لۆجیستی هەیە و هەسەدە ئەوەیان بۆ دابین دەكات. دواتر جەنگی داعش كۆتای نەهاتووە، بۆیە ناكرێت هەسەدە لاواز بكرێت، بەڵام رەنگە لە سنوورەكانی توركیا دووربخرێنەوە و سەرانی پارتی كرێكارانی كوردستانیش لە سووریا دووربخرێنەوە بۆ دڵنیاكردنەوەی توركیا.

عەقید ئەحمەد حەمادە، شارەزای سەربازی دەڵێت، ئەوكاتەی ئەمەریكا ئەو چەكانەی بە هەسەدە دا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش بوو و هاتنی گولە و پێویستی ئەو چەكانەش بەستراوەتەوە بەو مەبەستە سەرەكییە، واتە جەنگی داعش و نەهێشتنی، بۆیە ئەگەر ئەمەریكا چیتر گولە و كەرەستەی جەنگ بۆ ئەو چەكانە دابین نەكات ئەوان دەبنە پارچە ئاسنێكی بێ بەها و ئەوكات وەرگرتنەوە و جێهێشتنی گرنگییەكی ئەوتۆی نامێنێت.

لەو كاتەی زیاد حەج عوبێد شارەزای سەربازی سووری دەڵێت كە رەنگە ئەمەریكا چەكە ورد و پێشكەوتووەكان لە هەسەدە وەربگرێتەوە لەتری كەوتنی بەدەست رێكخراوی داعش یان میلیشیاكانی سەر بە ئێران، لە بەرانبەر جێهێشتنی چەكە ئاساییەكان بۆیان. 

هەر لەو ناوەدا و لەبارەی ئەو ناوچە ئارامەی توركیا دەیەوێت لە سووریا دایمەزرێنێت، مایكڵ رۆبن، بەرپرسی پێشوو لە پنتاگۆن لە ماڵپەڕی "واشنتن ئێگزامنەر"ی ئەمەریكی لە وتارێكی لەو بارەوە دەڵێت، توركیا دەیەوێت ئەمەریكا سووریا جێبێڵێت بۆ ئەوەی كوردی سووریا بكاتە ئامانج و ئەو خۆبەڕێوەبەرییەی دروستیان كردووە لەناوی ببات.

زیاتر گوتی، ئەمەریكا كە پاڵپشتی لە هەسەدە كرد بۆ ئەوە بووە كە سەركەوتوو بوون لە جەنگی هەردوو رێكخراوی قاعیدە و داعش لە سووریا، هاوكات هۆكاری مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا روونە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپەكانی ترە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی دروست دەبێت و پەككخستنی ئەو پردە زەوینییەیە كە سوپای پاسدارانی لە رێگەیەوە چەك و پاڵپشتی سەربازی و چەكدار لە رێگەی عێراقەوە بۆ سووریا و لبنانەوە رەوانە دەكات. 

رۆبن ئاماژە دەكات كە بیرۆكەیەكی باش هەیە بۆ نەهێشتنی ئەو كێشانەی لە نێوان سوپای توركیا و هەسەدە هەیە و جیاكردنەوەیان بێ ئەوەی كار لە سووریا و پێكهاتەی دانیشتوانەكەی بكات ئەویش دامەزراندنی ناوچەیەكی جیاكەرەوەیە، بەڵام لەبەری توركیا لەسەر سنووری سووریا لەبری ئەوەی بكەوێتە ناو خاكی سووریا و پێویستە سوپای توركیا لە سووریا پاشەكشە بكات و ماوەی 10 كیلۆمەتر بۆ چاودێرانی نێودەوڵەتی جێبێڵێت بۆ سەرپەرشتیكردنی ناوچە جیاكەرەوەكە و بەو شێوەیە مەترسییەكانی توركیا دەڕەوێتەوە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:04:30:15/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 806 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌