هێزێكی ئەمەریكا دەگاتە بنكەی سەربازی سپایكەر

:: PM:05:56:15/04/2019 ‌

سەرچاوەیەكی ئاگەدار رای گەیاند كە هێزێكی ئەمەریكایی گەیشتووەتە بنكەی سەربازی سپایكەر لە پارێزگای سەڵاحەدین و چەند شارەزایەكی ئەمەریكاش دەڵێن خستنی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ ناو لیستی تیرۆر، رەنگە سەرەتایەك بێت بۆ بەكارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی ئێران.

سەرچاوەكە ئەمڕۆ دووشەم رای گەیاند، هێزێكی ئەمەریكایی بە چەكەوە گەیشتووەتە سەربازگەی سپایكەر لە نزیك تكریت كە چەكی قوڕسییان پێ بووە و ژمارەیەك كەسایەتی هۆزەكانی سوننە گەیشتوونەتە بنكەكە و چاویان بە فەرماندە ئەمەریكاییەكان كەوتووە.

هاوكات شارەزایانی ئەمەریكایی دەڵێن كە بڕیارەكەی سەرۆك ترەمپ بە خستنی ناوی سوپای پاسداران بۆ لیستی تیرۆر، رەنگە سەرەتایەك بێت بۆ بەكارهێنانی هێزی سەربازی لەدژی تاران.

راپۆرتێكی كەناڵی "ئەی بی سی"ی ئەمەریكایی لەو بارەوە لە جیسۆن بلازاكس، دەگوازێتەوە كە ماوەی 10 ساڵ لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كاری كردووە و دەڵێت، پۆلێنكردنی سوپای پاسداران لە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكان رەنگە بەتەنیا دەسەڵاتێكی یاسایی بۆ ئەنجامدانی كردەیەكی سەربازی فەراهەم نەكات، بەڵام رەنگە ببێتە پاساوێك بۆ حكوومەتی ئەمەریكا بۆ ئەو كارە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل