جۆرێكی نوێی خوێی تەندروست بەرهەم دێت

:: PM:07:05:15/04/2019 ‌

ئەگەر لەوانە بیت كە حەزت بە تامی سوێر و خۆراكی زیاتر سوێرە، بەڵام ترست لە لێكەوتە خراپەكانی هەیە و وەك هەندێك بە "ژەهرە سپییەكە" ناوی دەبەن، زانایان نزیك بوونەتەوە لە چارەسەركردنی ئەو كێشە گەورەیە.

وەك رۆژنامەی "مەیڵی دێڵ"ی بەریتانی باسی لێوە دەكات، تیمێكی زانایانی ئەمەریكایی توانوویانە پێكهاتەیەكی نوێی خوێ پەرە پێ بدەن كە رێژەیەكی كەمی كلۆریدی سۆدیۆمی تیادایە، ژمارەیەك لەو كەسانەی خوێیەكەیان تاقی كردووەتەوە هەستیان بە چێژە سوێرەكەی كردووە، سەرەڕای كەمی رێژەی كلۆریدی سۆدیۆم كە پزیشكان دووپاتی دەكەنەوە زۆر خواردنی دەبێتە هۆی زیانی تەندروستی.

لەو خوێیە نوێیەدا كلۆریدی كالیسیۆم رێژەی 25%ی پێكدێنێت، كە هەروەهنا بڕێك لە كلۆریدی پۆتاسیۆمی لەبری كلۆریدی سۆدیۆمی تیادایە و پزیشكان دەڵێن ئەو جۆرەیان مەترسی ئەوتۆی بۆ تەندروستی نییە. 

زۆر خواردنی خوێی، كلۆریدی سۆدیۆم دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و زیادبوونی ئەگەری توشوبوون بە كێشەی دڵ و مردن، كارۆلین رووس، توێژەر لە زانكۆی واشنتن لەو بارەوە دەڵێت، ئەو خوێیە نوێیە چەندان سوودی تەندروستی هەیە و هەمان تامی سوێر دەبەخشێت.

شایەنی باسە خوێیە نوێیەكە چەند پێكهاتەیەكی تێدایە وەك كلۆریدی كالیسیۆم و كلۆریدی پۆتاسیۆم كە مەترسییەكی ئەوتۆیان بۆ سەر تەندروستی نییە، هاوكات پۆتاسیۆم یارمەتی كەمكردنەوەی فشاری خوێن دەدات، بەڵام چێژەكەی لە رووی خوازراوییەوە ناگاتە كلۆریدی سۆدیۆم.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل