هۆكاری دواكەوتنی مووچە ئاشكرا بوو

:: AM:10:01:16/04/2019 ‌
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، پێوەندیمان بە بەرپرسانی حكوومی كردووە بۆ هۆكاری دواكەوتن لە دابەشكردنی مووچە پێیان ڕاگەیاندووین كێشەی تەكنیكی لە ناردنی پارەكەی بەغدا هەیە.

ئەمڕۆ سێشەم 16ـی نیسان، شێركۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆ هۆكاری دواكەوتن لە دابەشكردنی مووچەی ئەو مانگەی فەرمانبەران پێوەندیمان بە بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە هۆكارەكەشی بۆ بوونی كێشەی تەكنیكی دەگەڕێننەوە لە ناردنی پارە لە بەغداوە.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی گوتی، ئەو پارەیەی هەرێمی كوردستان لە فرۆشتنی نەوت دەستی دەكەوێت بەگوتەی بەرپرسانی حكوومی ڕۆژانە مووچەی وەزارەتەكانی پێدابەش دەكەن و چاوەڕوانی پارەكەی بەغدا دەكرێت.

زیاتر ڕوونی كردەوە، كە هیچ كێشەیەكی سیاسی لە ناردنی پارەكەی بەغدا نیە ئەوەی هەیە كێشەیەكی تەكنیكییە و چارەسەر دەبێت.

بەپێی خشتەی مانگەكانی پێشوو بێت بە دابەشكردنی مووچە ئەمڕۆ تەنها مووچەی دەستەكان و سەرۆكایەتییەكان و خانەنشینی دەما دابەش بكرێت، بەڵام تاوەكو ئێستە زیاتر لە 10 وەزارەت و نۆ دەستە و بەڕێوەبەرایەتی و سەرۆكایەتییەكان و خانەنشینی ماون بۆ ئەوەی مووچە وەربگرن.



وشە - رامیار جەواد