ئەمڕۆ سێشەم بارانی زۆر و هەستانی لافاو 11پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی
تووشی مەترسی کردووە و پۆلیسی هاتوچۆی ئێرانیش رای دەگەیەنێت 61رێگای سەرەکی و بەستنەوەی شارەکان بە هۆی لافاو پچڕاون.
مورتەزا سەلیمی سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتنی
مانگی سووری ئێران باسی لەوە کردووە هەر یەک لە پارێزگاکانی ئیلام، پاریزگای
خوراسانی باشوور، خوراسانی رەزەوی و خوراسانی باکوور، زەنجان، سیستان و
بەلووچستان، فارس، کرمان، گوڵستان، هورمزگان و یەزد ئاوی رووبارەکان بەرز بووەتەوە
و لافاویش لە بەشێک لەم پاریزگایانە هەستاوە.
ئەو باسی لەوەش کرد کە یارمەتی و بەهاناوەچوونەکان
گەیشتووەتە 105 شار و گوند و بە گشتی 14 هەزار کەس یارمەتی پێویستیان پێ گەیشتووە.
ئەمە یەکەم لافاو نییە لەو ماوەیەدا لە ئێران
روو دەدات بەڵکوو هەفتەی رابردووش لافاو چەند شارێکی پاریزگای لوڕستانی نوقمی ئاو
کرد و زیانێکی زۆریشی بە پاریزگای خووزستان گەیاند.
بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" هێشتا پارێزگای
لوڕستان و خووزستان لە ژێر کاریگەری لافاوەکە دان و بەشێکی زۆر لە دانیشتووان و لیقەوماوانی لافاو یارمەتی و فریاگوزارییان
پێ نەگەیشتووە.
لە ئێران هەندێک دەنگۆ بڵاو کراوەتەوە
لەبارەی رووخانی چەند بەنداوێکی ئەفغانستان و گەیشتنی ئاوی ئەو بەنداوانە بە ئێران
بەڵام بەرپرسانی ئێران ئەمەیان رەت کردووەتەوە و گوتووشیانە ئەو ئاوەئی لە
رووبارەکانی ئەفغانستانەوە دەڕژێنە ئێران بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کراون.
ئەمڕۆ سێشەم باران لە زۆربەی پارێزگاکانی
ئێران بە تایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە و بۆ ماوەی چەند رۆژ بەردەوام دەبێت ولە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران باران دەبارێت.