36 دەرمانخانە داخران

:: AM:11:21:16/04/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كۆنتڕۆڵی دەرمان ئاشكرای دەكات لە شارۆكەیەک کە 45 دەرمانخانە 36یان بەهۆی رەچاونەکردنی رێنماییەکان داخستووە.

ئەمڕۆ سێشەم 16ـی نیسان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كۆنتڕۆڵی دەرمان بڵاوی كردۆتەوە، لە شارۆكەی خەبات لە كۆی 45 دەرمانخانە 36یان داخران.

ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئاشكرای كردووە، بەپێی زانیاریی پێشوەختە بە هاوكاری و هەماهەنگیی قایمقامیەتی شارۆكەی خەبات، لێژنەی بەدواداچوون و چاودێری دەرمان كە پێكهاتووە لە بەڕێوەبەرایەتیی كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوانی ڕێكخراو سەربە ئاژانسی پاراستن و بە هاوكاریی پۆلیسی شارەوانی هەولێر، نۆڕینگە و شوێنی دەرمانی گیایی و دەرمانخانەكانی ئەو شارۆكەیە بەسەر كرانەوە كە سەرپێچی زۆر هەبوو.

زیاتر روون کراوەتەوە، لەو هەڵمەتەدا لەكۆی 45 شوێنی سەردانكراو 36 شوێنیان بەهۆی فرۆشتنی دەرمانی نایاسایی و بێمۆڵەت داخران، هەروەها هەموو دەرمانە قاچاخ و بێمۆڵەتەكان دەستیان بەسەردا گیرا.

داخستنی ئەو شوێنانە لە كاتێكە لە ڕاپۆرتێكی هەفتەنامەی "وشە" ئاشكرا كرابوو كە شارۆكەكانی دەورووبەری شارەكان باشترین شوێنی ساخكردنەوەی دەرمانی گیایی قەدەغەکراون و لەوێ ئەو دەرمانانە بە هاووڵاتییان دەفرۆشنەوە.



وشە - رامیار جەواد