رووسیا بۆ دامەزراندنی وێستگەی ناوکیی لە سعوودیە ئامادەیی دەردەبڕێت

:: PM:02:51:16/04/2019 ‌

 

رووسیا دەیەوێت پەرە بە رۆڵ و پێگەی خۆی لە سعوودیە و وڵاتانی عەرەبی بدات و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیی خۆی دەربڕیوە هاوکاری سعوودیە و وڵاتانی تری عەرەبی بکات بۆ ئەوەی وێستگەی ناوکیی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبایان بۆ دامەزرێنێت.

 

کۆمپانیای "روس ئەتۆم"  لە گرنگترین کۆمپانیا پسپۆڕەکانی رووسیایە کە ئامادەیی خۆی بۆ ئەو مەبەستە دەربڕیوە و گوتوویەتی لە پێشبڕکێی تەندەری پڕۆژەکە بەشداری دەکات.

 

جگە لە کۆمپانیاکانی رووسیا کۆمپانیاکانی ئەمەریکا و چین و فڕەنسا و کۆریای باشووریش هاتوونەتە نیو ئەم تەندەرە. سعوودیە دەیەوێت وێستگەیەکی ناوکیی بە توانای بەرهەمهێنانی هەزار و 200تا هەزار و 600 مێگاوات کارەبا دابمەزرێنێت و بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە کۆمپانیاکانی وڵاتان کردووە پلانەکانیان پێشکەش بکەن.

 

وێستگەی ناوکیی بووشەهری ئێران کە توانای بەرهەمهێنانی هەزار مێگاوات کارەبای هەیە هەر لە لایەن رووسیاوە بنیات نراوە.

 

روس ئەتۆم لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بواری دامەزراندنی وێستگەی ناوکییە و هەر ئێستە لە تەواوی جیهان خەریکی جێبەجێکردنی 36پڕۆژەیە.

 

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" ساڵی رابردوو کۆمپانیاکە بڕیاری دا بەشداری لە پڕۆژەی تەواوکاری بووشەهر بکات بەڵام دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتنی ناوکیی، ئەم کۆمپانیایەش لە ئێران کشایەوە.

 

ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە لە چەند رۆژی رابردوودا بلوومبێرگ هەواڵی یەکەم دامەزراوەی ناوکیی سعوودیەی بڵاو کردەوە و سعوودیەش گوتوویەتی ئامانجیان لەم پڕۆژەیە ئاشتیخوازانەیە. باس لەوەش کراوە کە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا بە نهێنی لە دروستکردنی ئەم وێستگەیە رۆڵیان بینیوە.



وشە - سلێمان تاشان