شەڕ لەنێوان دوو تۆمەتباری مادەی هۆشبەر و پۆلیس ڕووی دا

:: PM:08:12:16/04/2019 ‌
دوو بەكارهێنەری مادەی هۆشبەر لەشارەدێی جەلەولای سەربەشارۆكەی خانەقین لەكاتی هەوڵی گرتنیان نارنجۆكێك فڕێدەدەن و چەند كەسێك بریندار دەكەن.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم 16ی نیسان، سەرچاوەیەكی پۆلیسی شارەدێی جەلەولا بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، لەكاتی هەوڵدان بۆ گرتنی دوو بەكارهێنەری مادەی هۆشبەر لەلایەن پۆلیسی شارەدێی جەلەولا لە نزیك عەلوەی جەلەولا گرژی دروست دەبێت.

زیاتر گوتی، دوو تۆمەتبارەكە نارنجۆكێك هەڵدەدەن و لە ئەنجامدا ئەفسەرێك و چوار پۆلیس برینداربوون، دوای تەقە كردن دوو تۆمەتبارەكە بە كیلۆیەك مادەی هۆشبەرەوە گیران.

لای خۆیەوە خەلیل خوداداد بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان زانیارییەكانی سەرچاوەكەی پۆلیسی جەلەولای بۆ "وشە" پشتراستكردەوە و رای گەیاند، ئەو دوو تۆمەتبارە یەكێكیان كورد بووە و ئەوەی تریش عەرەبە.

لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لە سنووری خانەقین و جەلەولا بەهۆی بوونی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ڕووی لە زیادبوون كردووە.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم