كتێبی "خه‌باتی من"ی هیتله‌ر هێشتا له‌ ئه‌ڵمانیا پڕخوێنه‌رترینه‌


ده‌زگه‌یه‌كی وه‌شانی ئه‌ڵمانی كه‌ كتێبی "خه‌باتی من"ی "ئه‌دۆڵف هیتله‌ر"ی به‌چاپ گه‌یاندووه‌ته‌وه‌، ڕای ده‌گه‌یه‌نێ كه‌ بووه‌ به‌ یه‌كێك له‌ پڕفرۆشترین كتێبه‌كان، دوای ئه‌وه‌ی له‌ چاپه‌ نوێیه‌كه‌دا ژیاننامه‌ی هیتله‌ریشی بۆ زیاد كراوه‌.

له‌ كتێبه‌كه‌دا هیتله‌ر به‌ ته‌واوی بنه‌ما بنه‌ڕه‌تییه‌كانی بیری زانی تێدا ڕوون كردووه‌ته‌وه‌ و هۆكاره‌كانیشی خستووه‌ته‌ ڕوو كه‌ بۆ ڕكی له‌ جوو ده‌بێته‌وه‌ و به‌ لێشاو جینۆسایدی كردوون.

پێشتر له‌ ئه‌ڵمانیا كتێبه‌كه‌ قه‌ده‌غه‌ بوو، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م چاپه‌ له‌ دوای جه‌نگی جیهانیی دووه‌مه‌وه‌ له‌و وڵاته‌ بڵاو بكرێته‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ خراوه‌ته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ندێ به‌شی ده‌ستكاری كراوه‌ و نزیكی هه‌زار و 500 په‌راوێزیشی بۆ دانراوه‌، تا كتێبه‌كه‌ كاریگه‌ریی خراپ له‌سه‌ر ده‌روونی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌ڵمانی دروست نه‌كات.

كتێبه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكدا، 85 هه‌زار دانه‌ی لێ فرۆشراوه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ هێشتا فرۆشی زیاتری بۆ بچێت.

په‌رتووكی "خه‌باتی من" هیتله‌ر به‌ زمانی ئینگلیزی له‌ نێوان ساڵانی 1924 و 1926 نووسیویه‌تی، به‌شێكی زۆریشی باسی 1923 كه‌ له‌ یه‌كه‌م هه‌وڵی كۆده‌تادا شكستی هێنا و به‌ند كرا. دوای ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 1933 بوو به‌ ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا، كتێبه‌كه‌ بووه‌ پڕفرۆشترین و 12 دانه‌ی له‌ ساڵی 1945 لێ چاپ كرا و هه‌ر ئه‌وكات بۆ سه‌ر 18 زمان وه‌رگێڕدرا.

ئادۆڵف ھیتله‌ر (1889-1945) پێشه‌وای پارتی نه‌ته‌وه‌یی سۆسیالیستی ئه‌ڵمانیا (ئاڵمانیای نازی) و ڕابه‌ری ئه‌ڵمانیا له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداری پارتی نازی له‌ ساڵانی 1933 ھه‌تا 1945 بووه‌. ھیتله‌ر له‌ جه‌نگی جیھانیی یه‌كه‌مدا سه‌رباز بوو و له‌ ساڵی 1920 بوو به‌ ئه‌ندامی پارتی نازی، له‌ 1921 بووه‌ سه‌رۆكی پارته‌كه‌.

به‌بۆنه‌ی به‌شداری له‌ كوده‌تای سه‌رنه‌كه‌وتووی ساڵی 1923 ماوه‌یه‌ك له‌ گرتووخانه‌ بووه‌. به‌ په‌ره‌پێدانی بیرۆكه‌ی نیشتمانپه‌رستی و دژایه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ كۆمۆنیزم و جووه‌كان و ھه‌روه‌ھا لێدوانه‌ پڕھه‌سته‌كانی بۆ جه‌ماوه‌ر و كاربه‌ده‌ستان، ‌له‌ سه‌رانسه‌ری ئه‌ڵمانیا پشتیوانی بۆ خۆی ساز كرد. له‌ 1933 دا بووه‌ سه‌رۆك وه‌زیران و زۆر به‌ ‌خێرایی دیكتاتۆری بنیات نا. ھێنده‌ی ماوه‌ نه‌خایاند ئه‌ڵمانیا له‌ بواری سوپا و پێشكه‌وتنه‌كانی پیشه‌سازی بووه‌ یه‌كێك له‌ زلھێزه‌كانی ئه‌وروپا. ئه‌ڵمانیا ساڵی 1939 به‌ مه‌به‌ستی داگیركردن ھێرشی كرده‌ سه‌ر چیكوسلۆڤاكیا و پۆڵه‌ندا، ھه‌ر بۆیه‌ به‌ڕیتانیا و فڕه‌نسا شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا ده‌ست پێ كرد. ئه‌وه‌بوو جه‌نگی جیھانیی دووه‌م ده‌ستی پێ كرد. 

ئه‌ڵمانیا و پشتیوانه‌كانیان، ھێزه‌كانی میحوه‌ر و فڕه‌نسا و به‌ڕیتانیا ھێزی ھاوپه‌یمانان بوون. له‌ سێ ساڵدا ھێزه‌كانی میحوه‌ر زۆرینه‌ی به‌شه‌كانی ئه‌وروپا و ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا و باكوری ئه‌فریقایان داگیر كرد، به‌ڵام له‌ ساڵی 1942 به‌دواوه‌ ھاوپه‌یمانه‌كان ده‌ستیان كرد به‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی وڵاته‌ داگیركراوه‌كان و له‌ 1945دا ئه‌ڵمانیا له‌ ھه‌موو لاوه‌ ده‌وری گیرابوو و له‌ كاتی گرتنی شاری به‌رلین، ھیتله‌ر به‌ فیشه‌كێك خۆی كوشت. به‌رپرسایه‌تی جه‌نگی جیھانی دووه‌م به‌ ته‌واوی له‌ ئه‌ستۆی ھیتله‌ر ده‌زانن. ئه‌و شه‌ڕه‌ كوژراو و بریندارێكی زۆری لێ كه‌وته‌وه‌. زۆرترین ژماره‌ی كوژراوه‌كان كۆشتنی به‌ كۆمه‌ڵی جووه‌كان ده‌زانن كه‌ تێیدا نزیكی شه‌ش ملیۆن كه‌س كوژران و سووتێنران. ئه‌و ڕووداوه‌ به‌ جینۆسایدی ھۆڵۆكۆست ناو ده‌به‌ن.

سه‌رچاوه‌، ئه‌لعه‌ره‌بییه‌، ویكیپیدیا


وشە - كوردۆ شابان


PM:04:38:04/01/2017




ئه‌م بابه‌ته 680 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌