دوو هەزار چەكداری حەشدی شەعبی دەگەنە كەركووك

:: PM:04:12:15/10/2016 ‌



پاش سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ شاری كەركووك، فەرماندەیی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، چوار هەزار چەكداری خستە ئامادەباشییەوە و لەو چوارچێوەیەدا دوو هەزار چەكداری حەشدی شەعبی دەگەنە كەركووك.

ئەمڕۆ شەموو 15ی تشرینی یەكەمی 2016، فرقەی عەباسی سەر بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە راگەیەنراوێكی تایبەتدا دووپاتی كردەوە، چوار هەزار چەكداری خستووەتە ئامادەباشییەوە كە دوو هەزار چەكدار رەوانەی شاری كەركووك دەكات بەمەبەستی بەشداریكردن لە شەڕی حەویجە و دوو هەزار چەكدارەكەی تر وەك هێزی پارێزەری مەزارەكانی شیعی رادەسپێرێت.

ئەحمەد خورشید بەرپرسی راگەیاندنی فەوجی حەویجەی حەشد ئەلعەرەبی لە سنووری كەركووك بە "وشە"ی راگەیاند، "فرقەی عەباسی حەشد شەعبی بەشداری شەڕی حەویجە دەكات. ئێستە هێزێكی فرقەی عەباسی لە بەشیر جێگیر كراوە، لە داهاتوویەكی نزیكیشدا هێزی تر بۆ حەویجە دەنێرێت، فرقەی عەباسی راستەوخۆ سەر بە مەرجەعی ئاینی شیعەیە و بۆ بەشداریكردن لە شەڕی حەویجە بۆ رەزامەندی لایەنەكانی حكوومەتی عێراقی ناگەڕێتەوە".

لای خۆیەوە ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی و سەرۆكی پێشووی لیژنەی تەناهیی ئەنجوومەنەكە بۆ "وشە"ی روون كردەوە، "ئێمە هیچ كێشەیەكمان نییە كە هێزەكانی حەشد شەعبی بەشداری شەڕی حەویجە بكەن. شەڕی حەویجە بە سەرپەرشتی حەیدەر عەبادی دەكرێت و بڕیارە حەشد شەعبی بەشداریی تێدا بكات".

عەسكەری ئاماژەی دا، "حەویجە بە تەنیا بە هێزی پێشمەرگە كۆنتڕۆڵ ناكرێتەوە، لەبەرئەوە لاریمان لە بەشداریكردنی حەشدی شەعبی نییە، پێویستیش دەكات دوای ئازادكردنی حەویجە، هێزێك لە سنووری حەویجەدا بمێنێتەوە".

شارۆكەی حەویجە بەدووریی نزیكەی 50كم لە باشووری شاری كەركووك هەڵكەوتووە. یەكێك لە شارۆكەكانی ناوچە كوردستانییەكانە كە بەرێژەی 100% تەعریب كراوە و جگە لە سەنتەری شارۆكەكە، چەند شارەدێیەكی وەك رەشاد، ریاز و زاب و.. هتد لەخۆ دەگرێت. شارۆكەی حەویجە و دەوروبەری هەر لە دوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراقەوە، یەكێك لەو ناوچانە بوو كە زۆرترین ژمارەی تیرۆریستی سەر بە قاعیدە و رێكخراوە تیرۆریستییەكانی تری لەخۆ دەگرت.

وشە/كەركووك-زانیار داقووقی
پێداچوونەوە: ر. ف


وشە - ڕێبین فه‌تاح