ئەمڕۆ چوارشەم نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهان
هەڵکشا و بەرزترین نرخی لە ماوەی پێنج مانگ و 10رۆژی رابردوو تۆمار کرد. دواجار لە هەشتی تشرینی دووەمی ساڵی 2018 نەوت بەم نرخە فرۆشراوە.
ئێستە هەر بەرمیلێک لە نەوتی برێنت بە 72دۆلار و چوار سەنت دەفرۆشرێت و ئەو بەرزبوونەوەیەش دوای ئەوە دێت کە لە دوو رۆژی
رابردوو نرخی نەوت رووی لە دابەزین کردبوو.
هەر وەک لە هەواڵەکانی پێشووشدا ئاماژەی پێ
کرا دابەزینی نرخی نەوت کاتییە و پێشهاتەکانی بازاڕی نەوت زیاتر بەو ئاراستەیەن کە
نرخی نەوت بەرز ببێتەوە نەک دابەزێت.
هەفتەی رابردوو نرخی نەوت بە 71دۆلار و 70 سەنت داخرابوو و تا نیوەڕۆی دوێنێ سێشەم بە 70دۆلار و 80 سەنت دابەزی بەڵام لە دوانیوەڕۆوە رووی لە بەرزبوونەوە کرد و ئەم
بەرزبوونەوەیەش تاوەکوو ئێستە بەردەوامە.
بەگوێرەی dailyfxنرخی نەوتی جۆری تەکساسی ئەمەریکیش کە بە هێمای WTIناسراوە لە 63 دۆلار و 75 سەنتەوە بۆ 63 دۆلار و 22 سەنت دابەزیبوو بەڵام ئەمڕۆ بە 64دۆلار و 47 سەنت دەفرۆشرێت.
لیبیا هۆشداری داوە بەردەوامیی جەنگ و نائارامییەکان لەو وڵاتە لەوانەیە بە تەواوی
هەناردەی نەوت بوەستێنێت و ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی خستنەڕوو و دواجار
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
جگەلەمە سزاکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران و
ڤەنزوێلاش کە بەشێک لە نەوتی وڵاتانیان دابین دەکرد بەردەوامە و بووەتە هۆی
کەمبوونەوەی خستنەرووی نەوت لە بازارەکان و هەر ئەوەش هۆکار بووە لەوەی لە ماوەی
رابردوودا نرخی نەوت بەرز ببێتەوە.
ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی لە مانگی حوزەیرانی
ئەمساڵ کۆ دەبنەوە و لەبارەی دوایین هەنگاوەکانیان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت بڕیار
دەدەن. ئەوان لە کۆتایی ساڵی رابردوو بڕیاریان دا بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی
ملیۆنێک و 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەم بکەنەوە و بڕیارەکەش لە سەرەتای
ئەمساڵەوە جێبەجێ کراوە.