ئێران لە ساڵێکدا بایی 85 ملیۆن دۆلار ماستی بە عێراق فرۆشتووە

:: PM:01:00:17/04/2019 ‌

 

لە ساڵی رابردوودا ئێران 95هەزار تۆن ماستی هەناردەی وڵاتانی جیهان کردووە و لەو وڵاتانەش کە ماستی ئێرانیان کڕیوە،  عێراق و هەرێمی کوردستان پشکی شێریان بەردەکەوێت.

 

کۆی ئەو داهاتەی ئێران لە ماوەی سالێکدا لە فرۆشتنی ماست دەستی کەوتووە بریتییە لە 90ملیۆن دۆلار. ماستی ئێران بۆ 12 ولات نێردراوە و 88 هەزار تۆن لەو ماستە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەناردە کراوە.

 

بەگوێرەی "ئیسنا" یەکێکی تر لەو ولاتانەی کە ماستی ئێرانی بۆ نێردراوە ئەمەریکایە و بە گشتی سێ تۆن ماستی ئێران لە ئەمەریکا ساغ کراوەتەوە کە نرخەکەی دوو هەزار و 600دۆلار بووە. تێکڕای نرخی هەر کیلۆیەک لە ماستی ئێرانی نزیکەی دۆلارێکی کردووە.

 

ئەگەر ئێران تەنیا لە فرۆشتنی ماست 85ملیۆن دۆلاری لە عێراقەوە پێ گەیشتبێت ئەوا دەبێ لەو سەدان بەرهەمەی کە رۆژانە هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستانی دەکات چ داهاتێکی دەستەبەر کردبێت.

 

پێویستە بگوترێت ئێران زۆرترین سوودی ئابووری لە عێراق وەرگرتووە و توانیویەتی هەناسە بە ئابوورییەکەی بدات و کاریگەریی سزاکانی ئەمەریکا کەم بکاتەوە.



وشە - سلێمان تاشان