له كاتێكدا پێوه‌ندى نێوان توركیا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا به‌هۆى كۆمه‌ڵێك دۆسیه له گرژیی دایه، وه‌زیرى به‌رگرى توركیا له‌واشنتن له‌گه‌ڵ هاوتا ئه‌مریكییه‌كه‌ى دیدارێكى هێمن و نهێنى ئه‌نجام ده‌دات، بێئه‌وه‌ى هیچ زانیارییه‌كى ئه‌وتۆ له‌نێوان ئەو دووانه دزه بكات، ئه‌مه‌یش سه‌رنجى میدیاکانی دنیا رادەكێشێ.
ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه پێوه‌ندى نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و توركیا له بارودۆخێكى جێگر نییه، به‌ڵكو زۆربه‌ى كات له گرژییدایه. به تایبه‌تى له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌دا ململانێى نێوان ئه‌م دوو وڵاته له‌سه‌ر دۆسیه‌ى كڕینى سیسته‌مى به‌رگریى مووشه‌كى ئێس-400 رووسى چڕ كراوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئه‌م دۆسیه‌یه به به راگه‌یاندراوێكى فه‌رمى دوایین بۆچوونى خۆى به توركیا داوه و دووپاتى كردووه‌ته‌وه، توركیا بژارده‌ى ئه‌وه‌ى هه‌یه له‌برى سیسته‌مه رووسییه‌كه سیسته‌مى مووشه‌كى پاتریۆت له ئه‌مه‌ریكا بكڕێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ 17ى نیسان سه‌رنجى میدیاكانى دنیاى راكێشاوه، ئه‌و دیداره‌یه كه دوێنێ سێشه‌م له نێوان خه‌لووسى ئاكارى وه‌زیرى به‌رگرى توركیا و پاتریك شاناهانى وه‌زیرى به‌رگرى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له ئه‌مه‌ریكا ساز كراوه له كه‌شێكى هێمن وپڕ نهێنى.
وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مه‌ریكا "پنتاگۆن" له راگه‌یاندراوێكى كورت باسى له دیداره‌كه‌ى نێوان خه‌لووسى و شاناهان كردووه و گوتوویه‌تى "ئه‌م دوو وه‌زیره وه‌ك دوو هاوپه‌یمانى ستراتیژى كۆبوونه‌ته‌وه" دواتریش راگه‌یاندراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێ " ئه‌وان له گفتوگۆكانیان هه‌ر یه‌كه‌یان دووپاتى له‌سه‌ر به‌رژوه‌ندى خۆى كردووه‌ته‌وه، نه‌وه‌ك هه‌ڵوێسته‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باس له گرنگى هاوئاهه‌نگى نێوان ئه‌مه‌ریكا و توركیا كراوه وه‌ك دوو ئه‌ندامى گرنگى هاوپه‌یمانى باكوورى ئه‌تڵه‌سى".
رۆژنامه‌ى ئه‌حواڵى توركى سه‌رنجى داوه‌ته سه‌ر راگه‌یاندراوه‌كه‌ى پنتاگۆن و ده‌ڵێ " له راگه‌یاندراوه‌كه باسى هیچ یه‌كێك له‌و بابه‌تانه نه‌كراوه كه سه‌رچاوه‌ى گرژیى پێوه‌ندى نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌ن به تایبه‌تى بابه‌تى هاوكارى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ هێزه كوردییه‌كانى باكورى سووریا و بڕیارى كڕینى سیسته‌مى به‌رگرى ئێس-440ى رووسى له لایه‌ن توركیاوه".
كه‌چى به پێچه‌وانه‌وه وه‌زاره‌تى به‌رگریى توركیا له‌سه‌ر هه‌مان دیدار راگه‌یاندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه زۆر زانیاری زیاترى له‌باره‌ى دیداره‌كه‌ى هه‌ردوو وه‌زیرى به‌رگریى تێدایه.
ئاژانسى ئه‌نادۆڵى توركى له هه‌واڵێك ئاماژه‌ى به ناوه‌ڕۆكى راگه‌یاندراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى به‌رگریى توركیا كردووه و ده‌ڵێ " خلووسى ئاكار تێڕوانینى توركیا له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بابه‌ت به شاناهان گه‌یاندووه، له‌وانه دانانى ناوچه‌یه‌كى ئارام كه بڕیار بوو له باكورى سووریا دابنرێت، كڕینى سیسته‌مى به‌رگریى ئێس-400، فڕۆكه جه‌نگى ئێف-35، له‌گه‌ڵ بابه‌تى ئه‌و روودوانه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ده‌ریاى سپى ناوه‌ڕاست به خۆیانه‌وه ده‌بینى".
راگه‌یاندراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى به‌رگریى توركیایش هاوشێوه‌ى راگه‌یاندراوه‌كه‌ى پنتاگۆن باس له‌وه ده‌كات له دیداره‌كه دووپات له‌سه‌ر پێوه‌ندى ستراتیژى نێوان توركیا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا كراوه‌ته‌وه.
ئه‌م دوو كورته‌ى له‌سه‌ره‌وه‌ى ئاماژه‌ى بۆ كران، تاكه سه‌رچاوه‌ن له‌باره‌ى بابه‌تى دیداره‌كه‌ى نێوان ئاكار و شاناهان. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌یش به‌پێچه‌وانه‌ى زۆربه‌ى دیداره فه‌رمییه‌كانى تر، له‌كاتى به‌ڕێوه‌چوونى ئه‌م دیداره به‌شێوازێكى تایبه‌ت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان كرا.
جیا له‌وه‌ى پێشتر واده‌ى دیداره‌كه بۆ رۆژنامه‌نووسان دیار نه‌كرا بوو. وه‌ك هه‌ر دیدارێكى تر‌ى فه‌رمى رێ به رۆژنامه‌نووسان نه‌درا، بۆئه‌وه‌ى له چه‌ند خووله‌كى سه‌ره‌تاى دیداره‌كه وێنه بگرن و چه‌ند پرسیارێك ئاراسته‌ى لایه‌نه به‌شداربووه‌كانى كۆبوونه‌وه‌كه بكه‌ن.
چاودێرانى سیاسى ده‌ڵێن ئه‌م شێوازه بۆ ئه‌وه په‌یڕه‌و كراوه تا رۆژنامه‌نووسان ئه‌و بابه‌تانه نه‌وروژێنن كه هۆكارى گرژیین له نێوان توركیا و ئه‌مه‌ریكا. خه‌لووسى ئاكارى وه‌زیرى به‌رگریى توركیا و چه‌ند وه‌زیر و به‌رپرسێكى تر‌ى توركیا به‌مه‌به‌ستى به‌شدارى كردن له لووتكه‌ى ساڵانه‌ى هاوبه‌شى نێوان ئه‌مه‌ریكا و توركیا له واشنتنن.
به‌رپرسانى توركیا ئه‌م دیداره‌یان كردووه‌ته هه‌لێك بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى تر هه‌ندێك بابه‌تى تر زیندوو بكه‌نه‌وه، به تایبه‌تى هاوكارى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ هێزه كوردییه‌كان. ره‌نگه له‌مه‌یش هه‌وڵه‌كانیان سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێنا بێ، چونكه دوێنێ جیمس جیفرى نوێنه‌رى ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروبارى سووریا و به‌رپرسێكى تر‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا باسیان له‌وه كرد بوو، ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌یه ناوچه‌یه‌كى ئارام له باكورى سووریا دابنێت و هێزه‌كانى یه‌په‌گه له‌م ناوچه‌یه دوور بخاته‌وه.
ئه‌مڕۆیش باس له‌وه ده‌كرێت توركیا چاوه‌ڕوانى ئه‌وه ده‌كات دۆناڵد تره‌مپ به‌رگرى له توركیا بكات، ئه‌گه‌رهاتوو كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكا به‌هۆى كڕینى سیسته‌مى مووشه‌كى ئێس- 400 سزاى به‌سه‌ر توركیا سه‌پاند. به‌ڵام وه‌ك چاودێران ده‌ڵێن ده‌كرێ زۆر بڕیار له دیداره‌كه‌ى نێوان شاناهان و ئاكار درابێ، كه له‌وانه‌یه له رۆژانى داهاتوودا ده‌ربكه‌ون.