هەناردەی نەوتی ئێران لە ژێر کاریگەریی سزاکانی ئەمەریکا مانگ بە مانگ
زیاتر دادەبەزێت و بۆ یەکەم جار لەمساڵدا هەناردەی رۆژانەی نەوت لەو وڵاتە بۆ
خوارووی یەک ملیۆن بەرمیل دابەزیوە.
ئامارەکە لە لایەن رۆیتەرز بڵاو کراوەتەوە و بۆ ئەمەش پشتی بە داتای
کەرتی گواستنەوەی نەوت لە کەنداو بەستووە. لە مانگی ئاداری رابردوو ئێران رۆژانە
سەرووی ملیۆنێک و 100 هەزار بەرمیل نەوتی
هەناردە کردووە و هەندێک جار بۆ ملیۆنێک و 700 هەزار بەرمیل بەرز
بووەتەوە، بەڵام لە نیوەی یەکەمی مانگی نیسان بڕی هەناردە بۆ خوارووی یەک ملیۆن
بەرمیل لە رۆژێکدا کەم بووەتەوە.
سەرەتای ساڵی رابردوو ئێران رۆژانە دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی
هەناردە دەکرد. بەڵام کاتێک ئەمەریکا لە مانگی ئایار لە رێککەوتنی ناوکیی کشایەوە
هەناردەی نەوتیش لە ئێران رووی لە کەمی کرد.
لە تشرینی دووەمی ساڵی 2018 ئەمەریکا بۆ ماوەی شەش
مانگ هەشت وڵاتی جیهانی سەربەست کرد نەوت لە ئێران بکڕن، ئەو رێگەپێدانە دوو
هەفتەی تر تەواو دەبێت.
بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" هەڵبەت زانیارییەکان باس لەوە دەکەن
کە ئەمەریکا لە بەرنامەیدایە رێگە بە هەر یەک لە تورکیا، چین، هندستان و کۆریای
باشوور بدات بۆ ماوەی شەش مانگی تر نەوت لە ئێران بکڕن و ئاستی هەناردەی ئێرانلە 650 هەزار تا 850 هەزار بەرمیل بهێڵێتەوە.
ئامانجی ئەمەریکا ئەوەیە هەناردەی ئێران بۆ سفر کەم بکاتەوە و ساڵی
رابردوو کاتێک ترەمپ لە رێککەوتنی ناوکیی کشایەوە هەمان هەڕەشەی کرد بەڵام لە ترسی
خێرایی بەرزبوونەوەی نەوت قۆناغ بە قۆناغ هەناردەی نەوتی ئێرانی کەم کردووەتەوە
هەرچەندە ئەم سزایانە لە پاڵ چەند هۆکارێکی تر لە ساڵی 2019 نرخی
نەوتیان بە رێژەی 30% بەرز کردووەتەوە.
سیاسەتی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی لەبارەی دابەزاندنی ملیۆنێک و 200 هەزار بەرمیل لە هەناردەی نەوت لە لایەک
وتەنگژەی ڤەنزویلا و لیبیا لە لایەکی تر چەند هۆکارێکی ترن کە نرخی نەوتیان بەرز
کردووەتەوە.