یەكێتی لەسەر پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە كێشەی تێكەوت

:: PM:03:23:17/04/2019 ‌

ئێستە باس لەوە دەكرێ‌ كە لە حكوومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە بەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەوێ‌، بەڵام لەناو كاندیدەكانی یەكێتی كێشە لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە هەیە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لەناو یەكێتی باس لە كاندیدكردنی هەریەكە لە شێخ جەعفەر و جەبار یاوەر دەكرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام ململانێیەكان هێشتا لەوبارەیەوە كۆتایی نەهاتووە و ئەگەر هەیە بە ئاسانی كاندیدی ئەو پۆستە یەكلا نەكرێتەوە.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە پێی باش نەبوو ناوی بڵاو بكرێتەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەگەڵ ئەوەی میكانیزمی دیاركردنی كاندید بۆ پۆستەكانی یەكێتی لەناو حكوومەت داهاتووی كوردستان دیار نییە، بەڵام ئێستە ململانێی چڕ لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە هەیە.

سەرچاوەكە گوتی، شێخ جەعفەر لە میدیاكانەوە گوتوویەتی پۆستی وەزیری پێشمەرگە وەرناگرێ‌، بەڵام ئێستە داوای لە مەكتەبی سیاسیی كردووە ئەو پۆستە بۆ ئەو بێت و ئەوەیش تا ڕادەیەكی زۆر كێشەی دروست كردووە.

لای خۆیەوە لەتیف نێرۆیی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی بۆ "وشە" گوتی، تا ئێستە ئەنجوومەنی ناوەندی هیچ زانیارییەكانی لەسەر دیاركردنی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستەكان نییە.

شێخ جەعفەر جیا لەوەی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییە بەرپرسی یەكەی 70ی پێشمەرگەیشە و لە كابینەكانی پێشووتر پۆستی وەزیری پێشمەرگەی هەبوو.

هاوكات جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و تا ئێستە هیچ قسەیەكی لەبارەی وەرگرتنی ئەو پۆستە بەڕوونی نەكردووە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم