رووتبوونەوە وەك ئامرازێكی ناڕەزایی لە مێژوودا

:: PM:03:26:17/04/2019 ‌
ساڵانە لە چەندان شوێنی دنیا رووداوی خۆڕووتكردنەوە لە سەر شەقامەكان دووبارە دەبنەوە، لەو رووداوانە جەستە وەك بابەتێكی وروژاندن و ستاتیكی بەكار ناهێنرێت، بەڵكو وەك توڕەبوونێك و وەك ئامرازێك بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەكاردێت، ئەمەیش شێوازێكی كۆنە لە مێژوودا و نزیكەی 800 ساڵ بەر لە زایین ئەنجام دراوە.

ماڵپەڕی BBC ی بەریتانی راپۆرتێكی لەسەر دیاردەی خۆڕووتكردنەوە بڵاو كردووەتەوە، باس لەو رووداوانە دەكات كە تێیدا جەستەی ڕووتی مرۆڤ وەك ئامرازێكی دەربڕینی ناڕەزایی بەكارهاتووە، لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بۆ چەندان نموونە كراوە، كە ئەمساڵ روویان داوە، ئەوەی جێی سەرنجیشە هەندێك لەو رووداوانەی خۆڕووتكردنەوە لەو كۆمەڵگایانە بوون كە زۆرینەیان مووسڵمان بوون.

 یەكێك لەو ڤیدیۆیانەی ماوەیەك لەمەوبەر بڵاوكرایەوە و ماڵپەڕی BBC  باسی كردووە، مامۆستایەكی زانكۆی ئەزهەر لەمیسر دەردەكەوێت و داوا لە قوتابییەكانی دەكات، رووت ببنەوە ئەمەیش وەك مەرجێك لەبەرانبەر دەرچوونیان لە ماددەی"باوەڕ و ئەخلاق".

كاتێك مامۆستاكە لەلایەن سەرۆكایەتی زانكۆ لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كرا، بەوە بەرگریی لە خۆی كرد، ئاخۆ ئەو قوتابیانە لە بەرانبەر فریودان چەند دەتوانن خۆڕاگر بن، بە قسەی مامۆستا بێت ئەو ویستوویەتی لە ئاكاردا قوتابییەكانی تاقی بكاتەوە. 

میسرییەكان لەگەڵ خۆڕووتكردنەوە ئەزموونی تریان هەیە، بەڵام ئەویان بۆ تاقیكردنەوە نەبووە، لەوانە لە ساڵی 2012  ژنە چالاكێكی میسر بە ناوی عەلیا مەهدی لەبەردەم كۆنسوڵخانەی وڵاتەكەی لە سوید خۆی رووت كردەوە، وەك دەربڕینی ناڕەزیی لە بەرانبەر دەستووری میسر.

لەناو عەرەب و موسڵمانان ئەو كارەی عەلیا كردی، یەكەم هەنگاو بوو بۆیە لە راگەیاندنەكان كاردانەوەیەكی توندی بەدوای خۆیدا هێنا، بە تایبەتی لەسەر ئەوەی عەلیا دوو كچی تری ئۆكرانی لەگەڵ خۆی رووت كردووەتەوە، لەسەر جەستەیان شتی ئەوتۆیان نووسیبوو كە موسڵمانان قبوڵی ناكەن.

سێ‌ مانگ لەمەوبەر ئەكتەری سووری حوسێن مەرعی لەسەر شانۆ لە توونس خۆی رووت كردەوە، بۆ ماوەی شەش خوولەك بەرووتی مایەوە، ئەمەیش ناڕەزایییەكی توندی بەدوای خۆیدا هێنا.

  ئەوانەی داكۆكیان لەو ئەكتەرە سوورییە كرد، گووتیان كردارەكەی حوسێن رەنگدانەوەی واقیعی كۆمەڵگای سووری بوو، دەرخستنی ئەو پێشیلكارییانە بوو كە لە گرتووەكانی سووریا دەرهەق بە گیراوەكان دەكرێن.

دەرهێنەری شانۆكەیش داكۆكی لەم هەڵسوكەوتەی ئەكتەرەكەی كرد، رافەت زاقوت كە دەرهێنەری شانۆكە بوو گوتی " ناكرێت جەستە لە واقیع داببرێت كە دەسەڵاتی بەسەر دەسەپێنرێت، جەستە گوزارشتە لە وزەیەكی گوزارشتنكردن، ئامرازێكی هونەرییە لە سەردەمی گریكەكانەوە لەو بوارەدا بەكارهاتووە".

خۆڕووتكردنەوە وەك ناڕەزایی كە ئێستە بە شێوەیەكی فرەوان لەلایەن بزووتنەوەی فێمێنیستی بەكاردێت، لێرە و لەوێ لە چەندان وڵات و كۆمەڵگای جیاوازی دنیا دووبارە دەبێتەوە.  هەندێك لە مێژوونووسان پێیان وایە ئەو كارە بۆ سەردەمی كۆنی مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە.

 هەندێك لە سەرچاوەكان دەڵێن یەكێك لە شاژنەكانی ئاشوور بەناوی سەمیر ئەمیس "سمورامات" لە یەكێك لە شەڕەكان ئەو كارەی كردووە و وەك سەلماندنی بوێریی و  دەسەڵاتی خۆی، هیچ جلوبەرگێكی لەبەر نەكردووە و خۆی رووت كردووەتەوە.

 وەك لە مێژوودا باس دەكرێت ئەم كارە لە چەندان شوێنی تر و رووداوای تر دووبارە كراوەتەوە، بە تایبەتیش ژنان پەنا بۆ ئەم كارە دەبن و ناڕەزاییەكانی خۆیان دەردەبڕن.

 لە مانگی شوباتی رابردوو ڤیكتۆریا بایتمان مامۆستای ئابووری لە زانكۆی كەمبریجی بەریتانیا ڤیدیۆیەكی خۆی بڵاوكردەوە، ئەو ژنە لە ڤیدیۆیەكە بە رووتی دەردەكەوێت کە لەبەردەم  دەیان قوتابی وەستاوە و وانە دەڵێتەوە. لەسەر جستەی رووتیشی چەندان دروشم نووسراوە كە ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەو وەك ژنێك دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا رەت دەكاتەوە.

 ڤیكتۆریا ویستوویەتی جەستەی خۆی وەك پەیامێكی ناڕەزایی بەكار بهێنێ‌، ئەو كاتێك لەلایەن خەڵك رەخنەی لێ دەگیرێت، سەرەتا بە پرسیارێك وەڵامی دایەوە" بۆچی جەستەی رووت بەكار نەهێنرێت؟".

 دواتر بایتمان دەڵێ‌ "هەندێك لە ژنان لەو بڕوایەدان، بەكارهێنانی جەستە وەك ئامرازێكی ناڕەزایی سووكایەتییە بۆ ئەوان، بەڵام بە پێچەوانەوە راستە، جەستەی ژنان ئێستە بووەتە بابەتێكی سەرەكی لە ململانێی بەدەستهێنانی مافی ژنان". هەروەها ئەو ژنە هێرش دەكاتە سەر كۆمەڵگا و  بە "دووڕوویی" تۆمەتباری دەكات. ئەو دەڵێ‌" ئەوان جەستەی ئافرەتیان قبوڵە وەك رێكلام و فیلم و تابلۆ، كەچی كاتێك ئەو ئافرەتە ناڕەزایی دەردەبرێت ئەوا دژی هەڵدەچن".



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل