زیاتر له هه‌شت ساڵه پرۆژه‌یاسای پاراستنی
مافی منداڵان له په‌رله‌مانی كوردستانه، به‌ڵام تا ئێستا ته‌نانه‌ت خوێندنه‌وه‌ی
یه‌كه‌میشی بۆ نه‌كراوه. ئێستا په‌رله‌مانتارانی خولی پێنجەم ده‌یانه‌وێ قۆڵی لێ
هه‌ڵماڵن، به‌ڵام گله‌ییان له هه‌ندێ لایه‌ن هه‌یه و رێكخراوه‌كانیش گله‌ییان له
په‌رله‌مان هه‌یه.
له ماوه‌ی چوار مانگی رابردوودا پێنج حاڵه‌ت
ده‌ستدرێژه‌ی سێكسی له هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ر منداڵان تۆمار كراوه و ئه‌مه‌ش
وای كرد جارێكی دیكه نیگاكان زیاتر له‌سه‌ر بارودۆخی منداڵان و ئه‌و یاسا و
رێنماییانه بێت كه به‌هۆیانه‌وه مافیان ده‌پارێزرێت.
لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن
له مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی كوردستان، چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی
كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه. ئه‌وان ده‌یانه‌وێ
كێشه‌كان دەستنیشان بكه‌ن و دواتر پرۆژه‌یاسایه‌ك بۆ پاراستنی مافی منداڵان ئاماده
بكه‌ن.
گوڵستان سه‌عید جێگری سه‌رۆكی لیژنه په‌رله‌مانییه‌كه،
دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه "له هه‌موو شوێنه‌كان، منداڵ بوونه‌ته
قوربانی".
ئه‌و پەرلەمانتارە به "وشه" ده‌ڵێ،
منداڵه‌كان رووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌بنه‌وه، وه‌كو كه‌رەسته‌یه‌ك بۆ سواڵ‌كردن
به‌كار ده‌هێندرێن و ده‌خرێنه به‌ركار. پیویسته هه‌ڵمه‌تیكی به‌رفراوان بۆ
پاراستنی مافی منداڵان بكرێت.
زیاتر روونی دەکاتەوە، نزمبوونی ئاسای
هۆشیاریی خێزان و دۆخی ئابووری، كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر منداڵان و مافه‌كانیان
بووه و داوا له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات ده‌ستپێشخه‌ر بن و پرۆژه‌یه‌ك
بۆ پاراستنی مافی منداڵان ئاراسته‌ی په‌رله‌مان بكه‌ن.
نائومێدبوون له په‌رله‌مان
سه‌ره‌ڕای بانگه‌وازی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی
كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڵام نزیك بە هه‌شت ساڵه پرۆژه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه
ئاراسته‌ی په‌رله‌مان كراوه و ئێستاش وه‌ك چالاكوانێكی بواری داكۆكیكردن له مافی
منداڵان ده‌ڵێ، له‌سه‌ر ره‌فه‌كانی په‌رله‌ماندا تۆزی لێ نیشتووه.
سه‌یران ساڵح سه‌رۆكی رێكخراوی ئه‌ستێره‌ی
منداڵان بۆ "وشە" دەڵێ، زۆر پرۆژه‌مان هه‌بوو و ئاراسته‌ی په‌رله‌مان و
لایه‌نی پێوه‌ندیدارمان كرد، به‌ڵام هیچ نه‌بوو، من وه‌ك خۆم له په‌رله‌مان
نائومێدم".
ساڵی 2011 له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سێ
رۆژی‌دا، پرۆژه یاسایه‌كی پێوه‌ندیدار به پاراستنی مافی منداڵان ئاماده كرا. ئه‌وكات
پرۆژه‌كه درایه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تیش ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی
كرد، به‌ڵام تا ئێستا ته‌نانه‌ت نه‌خراوه‌ته ناو به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مانیش.
له نوێترین هه‌وڵیشدا، رێكخراوی یونیسێف
پرۆژه‌یه‌كی 10 خاڵی له‌و بواره‌دا ئاماده كردووه.
سه‌یران ساڵح یه‌كێك له هۆكاره‌كانی
زیادبوونی ئاماره‌كانی توندوتیژی به‌رانبه‌ر به منداڵان، بۆ نه‌بوونی یاسایه‌ك ده‌گه‌ڕێنێته‌وه
كه به‌هۆیه‌وه دایك و باوك كۆنترۆڵ بكرێن و منداڵه‌كانیان نه‌خه به‌ركار و بۆ
كاری دیكه به‌كاریان نه‌هێنن.
هاوكات ئه‌و چالاكوانه‌ی داكۆكیكار له مافی
منداڵان، ره‌خنه له وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده و رۆشنبیریش ده‌گرێ و پێی وایه
"كه‌مته‌رخه‌م بوونه" له ئاشناكردنی منداڵان به مافه‌كانی خۆیان.
دووپاتی دەکاتەوە، بۆ نموونه وه‌زاره‌تی
رۆشنبیری و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رۆشنبیریی منداڵانی ئه‌و وه‌زاره‌ته، كه‌سانی
ناپسپۆڕی تێدایە و له‌به‌ری ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بکەن و هه‌وڵی بۆ بده‌ن،
بگره بوونه‌ته بارگرانی له‌سه‌ر حكوومه‌تیش.
ئاماری توندوتیژییه‌كانی به‌رانبه‌ر به
منداڵان له هه‌رێمی كوردستان، به روونی نه‌خراونه‌ته‌ڕوو و سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش،
چالاكوانان و لایه‌نی پێوه‌ندیدار دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه سنووری
توندوتیژییه‌كان به‌رانبه‌ر به منداڵان، له رێگه‌ی یاسا و جێبه‌جێكردنییه‌وه،
به‌هێز بكرێت.
هەولێر/ کاوە جەم