لە كۆشكی سەرۆكایەتی بۆ گرتووخانەی كوپەر

:: PM:05:48:17/04/2019 ‌
خانەوادەی عومەر بەشیر سەرۆكی دوورخراوەی سوودان رای دەگەیەنین كە بۆ بێ ئابڕووترین گرتووخانە گواستراوەتەوە. ئەنجوومەنی سەربازیش بەڵێنی دابینكردنی دادگاییەكی دادگەرانە دەدەن و رەتی دەكەنەوە رادەستی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ی نیسان/ ئەپرێل، خانەوادەی عومەر بەسیر سەرۆكی دوورخراوەی سوودان ئاشكرایان كرد بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەربازی، بەشیر لە كۆشكی پێشوازی گواستراوەتەوە بۆ گرتووخانەی كوپەر لە خەرتوومی پایتەخت.

درەنگانی شەوی رابردوو ئەنجوومەنی سەربازی لەژێر پاسەوانیەكی توندا عومەر بەشیریان گواستەوە بۆ گرتووخانەی كوپەر، ئەنجوومەنەكەش بەڵێنی داوە كە دادگایەكی دادوەرانەی بۆ ئامادە دەكرێت.

"رۆیتەرز" لە دوو كەسی خانەوادەكەی، گواستنەوەی بەشیری بۆ گرتووخانەی كوپەر پشتڕاست كردووەتەوە، ئاماژەش بەوە دەدەن كە گواستنەوەكە بە بڕیاری عەبدولفەتاح بوڕهان بووە و بڕیاری گرتنیش بۆ 11 بەرپرسی تری باڵای حكوومەتەكەی بەشیر دەرچووە.

 خانەوادەی سەرۆكی دوورخراوە، ئەمڕۆ چوارشەم هەواڵی گواستنەوەی بەشیریان بۆ گرتووخانەكە ئاشكرا كردووە، كە چارەنووسی ئەو لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات جێی گرنگی بووە.

بەشیر كە بۆ ماوەی سی ساڵ حوكمی سوودانی كردووە، لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتی داواكراو بووە بە تۆمەتی كۆمەڵكوژی و تاانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە ململانێیەكانی دژ بە هەرێمی دارفۆر.

 دوای دوورخستنەوەی لە دەسەڵات لە رۆژی پێنجشەمی رابردوو لەلایەن وەزیری بەرگری وڵات، عومەر بەشیر لە كۆشكی پێشوازی دەستبەسەر بوو، بەڵام بەهۆی گوشاری خۆپیشاندەران بەسەر ئەنجوومەنی سەربازی، بڕیاری گواستنەوەی بۆ گروتووخانەی كوپەر لە خەرتوومی پایتەخت گواسترایەوە كە یەكێكە لە گروتووخانە مەترسیدارەكانی سوودان.

بەشیر كە ماوەی 30 ساڵ حوكمی سوودانییەكانی كرد، ئەو گرتووخانەی لە دژی نەیارە سیاسییەكانی بەكار هێناوە و سەدان كەسایەتی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی لەوێدا بەند كردووە، تا ئەم دواییانەی لە دەسەڵاتیش بوو دەزگای هەواڵگری سوودانی سەدان چالاكوان و كەسایەتی سیاسی دژ بە دەسەڵاتی بەشیر كە لە ماوەی چوار مانگی خۆپیشانداندا لەسەر شەقامەكان بوون، راپێچی كوپەری كردن.

دوای دوورخستنەوەی لە دەسەڵات، ئەنجوومەنی باڵای سەربازی بڕیاری ئازاد كردنی هەزاران زیندانی سیاسی لە وڵات دەكرد، لەو ژمارەیە سەدانیان لە كوپەر بوون.

گروتووخانەی كوپەر ساڵی 1971 گەورەترین پڕۆسەی لە سێدارانی سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەكانی دەسەڵاتی بەخۆیەوە بینی، پاشان عومەر بەشیر لە ساڵی 1989 لەو كاتەی دەسەڵاتی گرتە دەست هەموو نەیارانی كۆ كردەوە لەو گروتووخانەیەدا بەندی كردن.

یەكێك لە چالاكوانە سیاسییەكانی سوودان دەڵێ، یەكێك لە هۆیەكانی بردنی عومەر بەشیر بۆ ئەو گرتووخانەیە ئەوەیە كە گرتووخانەیەكی زۆر بێ ئابڕووە و رەنگە ئەنجوومەنی سەربازیش مەبەستیان ئەوە بێت بەرپرسانی باڵای حكوومەتەكەی بەشیر ببەنە ئەو گرتووخانەیەی كە دەیان نووسەر و بیرمەند و رۆشنبیر و كەسایەتی سیاسی سوودانی، بە بڕیاری بەشیر و كاربەدەستانی تێیدا بەند كرا بوون.

كوپەر دەكەوێتە خەرتوومی پایتەخت و ساڵی 1903 لەلایەن بەریتانییەكان دروستكراوە و لە 14 بەش پێك دێت و چوار جۆر تاوانباری تێدا بەند كراوە. ئەوانەی تاوانبارن و بڕیاری سێدارەیان بۆ دەرچووە، ئەوانەی پێشینەی تاوانیان هەیە، ئەوانەی بڕیاری گرتنیان بۆ ساڵانێكی زۆر بۆ دەرچووە، لەگەڵ بەندكراوە سیاسییەكان.

گرتووخانەكە لەسەر رووبەری پێنج هەزار مەتر دووجا بنیاد نراوە و دەكەوێتە گەڕەكی كوپەر كە خودی گەڕەكەكە بەناوی گرتووخانەكەوە كراوە. گرتووخانەكەش بە ناوی یەكەم بەڕێوەبەری گرتووخانەكە كراوە كە ئەفسەرێكی بەریتانی بووە بە ناوی كوپەر.

بەگوێرەی زانیارییەكان، جەنەڕاڵ كچنەر یەكەم ئەفسەری بەریتانی بووە بڕیاری دروستكردنی گرتووخانەكەی داوە، بەڵام لە كاتی كردنەوەی گرتووخانەكەدا نەیتوانی ئامادە ببێت بەهۆی ئەوەی بانگهێشتی لەندەن كرا بووەوە.

كچنەر لەو كاتەی بڕیاری دروستكردنی گرتووخانەكەی دا بوو، گوتوویەتی "دەمەوێت گەورەترین گرتووخانە لە سوودان بنیاد بنێنم"، ئاواتەكەشی هاتووەتە دی و تا ئێستە كوپەر گەورەترین گرتووخانەیە لە تەواوی سوودان دوای تێپەڕبوونی 116 ساڵ.
 
گروتووخانەی كوپەر لە رووی ئەندازیارییەوە زۆر لە گرتووخانەكانی بەریتانیا دەچێت، بەتایبەت گرتووخانەی بێرمنگهام، زانیارییەكانیش باس لەوە دەكەم كە یەكەم گروپ لەو گرتووخانەیەدا بەند كراون، گروپێكی سیاسی ئۆپۆزسیۆن بوون دژ بە حوكمی بەریتانییەكان.

بە تێپەڕبوونی كات، دەوروبەری گرتووخانەكە ئاوەدان بووە و بووە یەكێك لە گەڕەكەكانی پایتەخت و هەمان ناوی گرتووخانەكەشی هەڵگرت، بەڵام بەم دواییانە ناوەكەی بۆ گەڕەكی عومەر موختار گۆڕدرا.




وشە - فه‌رمان سادق