ئەڵمانیا رێوشوێنی وەرگرتنی پەنابەران توند دەكات

:: PM:07:09:17/04/2019 ‌
دواجار ئەڵمانیا رەزامەندی نیشاندا بە گرتنەبەری كۆمەڵێك رێوشوێنی توند بۆ وەرگرتنی پەنابەران و بەهۆیەوە هەزاران پەنابەر مافی مانەوەیان رەت دەكرێتەوە. وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێ، ئەو رێكارانەی ئەنجوومەنی وەزیران پەسندیان كردووە تەنیا ئەو كەسانە وەردەگیرێن كە هەموو رێوشوێنە یاساییەكانیان تەواو كردووە.

ئەڵمانیا كە بەلانكەی پەنابەران لە ئەوروپا دەژمێردرێت و لە دوای بەهاری عەرەبی لە سووریا تا ئێستە سەدان هەزار پەنابەری وەرگرتووە، دواجار ئەو وڵاتە بڕیاری توند كردنی رێوشوێنی وەرگرتنی پەنابەرانی راگەیاند.

هۆرست سیهوفەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێ، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر رێكارە نوێیەكانی وەرگرتن و پێدانی مافی مانەوە بە پەنابەران پەسند كردووە، بەو پێیەش بێت تەنیا ئەوانە مافی مانەوەیان لە ئەڵمانیا پێ دەدرێت كە هەموو رێكارە یاساییەكان تەواو بكەن.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، ئەوەشی خستەڕوو ئەو كەسانەی هەوڵ بدەن ناسنامەی خۆیان بشارنەوە ئەوا دەگیردرێن، ئەوانەشی هەوڵی گۆڕینی بەڵگەنامەكانیان دەدەن ئەوا رووبەڕووی سزای پێ ژماردن دەكرێنەوە.
 
ئەو رێكارە نوێیانە، بەگوێرەی قسەكانی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بێت ئەو كەسانە ناگرێتەوە كە لە وڵاتێكی تری یەكێتیی ئەوروپا مافی پەنابەرێتی وەرگرتبێت و ئێستە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە.

رێكارە نوێیەكان لە كاتێكدایە بەپێی ئامارەكان لە ساڵی 2018 نزیكەی 25 هەزار پەنابەر ئەڵمانیایان جێهێشتووە دوای ئەوەی بێ هیوا بوون لە وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی، ئەم ژمارەیەش وەك حكوومەت دەڵێ، زۆر كەمترە لەو ژمارەیەی دەیانەوێت ئەڵمانیا جێ بهێڵن.

جێی باسە بەهۆی سیاسەتی كرانەوە بە رووی پەنابەران لە ساڵی 2015، ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا لە ناوخۆی وڵاتەكەی و یەكێتیی ئەوروپاش رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆر توند بووە بەتایبەت لەلایەن رەگەز پەرستە ئەڵمانەكان، ئەمەش وایكرد پارتی راستڕەوی توندڕۆ دەنگەكانی زیاد بكات.



وشە - فه‌رمان سادق