چاودێران پێیان وایە هەنگاوەكەی دوایی ئەمەریكا بە خستنی ناوی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكان هێنانە پێشەوەی كاردانەوەیەك بوو لە بەرانبەر هەوڵەكانی فراكسیۆنە شیعەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە رێگەی پەرلەمانەوە، جیا لە لابردنی فشارەكانی ئەوان بۆ سەر حكوومەتی عێراق بۆ هەمان مەبەست، سەرەتایەكیشە بۆ هەولەكانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی، بەڵام كاریگەری بڕیارەكەی ئەمەریكا بۆ سەر حەشدی شەعبی چی دەبێت؟
شارەزایان پێیان وایە كە ئەوەی ئێران لە بەرانبەر ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا بە بەتیرۆر ناساندنی سوپای پاسداران پێ دەكرێت، ئەكتیڤكردنی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە سوپای پاسدارانە لە وڵاتانی ناوچەكە لە یەمەن و لبنان و عێراق و سووریا و بەحرێن، بۆ یە لە عێراق حەشدی شەعبی هەنگاوەكانی خێراتر كردووە بۆ جۆراوجۆركردنی پێكهاتە سەربازییەكانی و ئەوەیش پڕسیار دروست دەكات كە ئاخۆ هەمان هەنگاوەكانی سوپای پاسداران جێبەجێ دەكات لەوەی ببێتە سوپایەكی هاوتای سوپای عێراق و خاوەن هێزی زەوینی و دەریایی و ئاسمانی.
حەسەن عوبێدی، شارەزای سەربازی عێراقی لەو بارەوە دەڵێت، ئێستە حەشدی شەعبی بەتوندی هەوڵی بینینی هەمان رۆڵی سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق دەدات لە رێگەی جۆراوجۆركردنی پێكهاتە شەڕوانییەكانی لە دروستكردنی هێزی زەوینی و دەریایی و لە داهاتووشدا بنیاتنانی هێزی ئاسمانی سەر بەخۆی.
روونی كردەوە، حەشدی شەعبی لە رێگەی دامەزراندنی هێزی دەریایی، هەوڵی باڵادەستی و كۆنترۆڵكردنی ئاوی نێودەوڵەتی عێراق دەدات و لەوێوە بە شێوەیەكی یاسایی دەست بە كۆنتڕۆڵكردنی پرۆسەی قاچاغی چەك و نەوت و مادەی هۆشبەر دەكات، راستە ئێستە ئەو قاچاغییەی لە بەندەرەكانی باشووری عێراق دەكرێت هەر حەشدی شەعبی ئەنجامی دەدات، بەڵام دامەزراندنی هێزێكی دەر یایی سەر بەو هێزە پرۆسەكە بەیاسایی دەكات.
حەیدەر مووسەوی ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بەسڕە دەڵێت، تۆڕێكی مافیا هەن كە لەلایەن ئەو پارتانەوە پاڵپشتی دەكرێن كە میلیشیای چەكداریان هەیە و ئەوان كۆنترۆڵی بەندەرەكانی باشووری عێراق دەكەن بەتایبەتی بەندەری ئوم قەسڕ. دووپاتی كردەوە، پارتە دەسترۆیشتووەكان پشكەكان لەو بەنداوانە دابەش دەكەن لە قاچاغی چەك و نەوت و مادەی هۆشبەر، جیا لەوەی ئەوان هەر كەسێك دەكوژن كە رووبەڕوویان بوەستێتەوە لە پۆلیس و گومرگ و دەروازە سنوورییەكان.
دوای توندكردنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، هەڵوێستی نەیاری و هێرشكردنیان بۆ سەر بوونی سەربازی و دیپلۆماسی ئەمەریكا لە عێراق زیاتر بوو، بەتایبەتی لەلایەن ژمارەیەك لە فەرماندە و سەرانی گرووپەكانی ئەو هێزە، بۆیە هەموو ئەوانە دەبنە هۆكار كە وا لە ئەمەریكا بكات بیر لە سزادانی ئەوان و پۆلێنكردنیان لە لیستی گرووپ و رێكخراوە تیرۆریستییەكان بە هاوشێوەی سوپای پاسداران بكاتەوە، بەڵام رەنگە واشنتن ئەوەی دوا خستنێت بۆ ئەوەی یەكەم حكوومەتی عێراق نەخاتە هەڵوێستێكی نەخوازراو و دووەمیش وەك كارتێكی فشاری بەدەستییەوەیە بۆ سازشكردن بە عێراق لە بەرانبەر هێشتنەوەی هێزەكانی لەو وڵاتەدا.
دوای ساڵانێك لە گەشەسەندنی سەربازی و دەسەڵات و جموجۆڵی ئازادانە كە وای كردووە ببێتە هێزێكی هاوتا بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت لە عێراق و كۆنترۆڵی چەندان كایەی سیاسی و ئابووری دەوڵەت بكات بە بەكارهێنانی چەكی دەستی وەك كارتی فشار، ئێستە حەشدی شەعبی خۆی لەژێر پاڵەپەستۆیەكی بێ وێنە لەلایەن ئەمەریكا دەبینێتەوە كە چەند سەرچاوەیەك ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن هەواڵگری ئەمەریكا سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیارییە لەبارەی پێشێلكارییەكانی ئەو هێزانە لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق بەمەبەستی خۆئامادەكردن بۆ وەرگرتنی هەڵوێست لەدژی لەكاتی گونجاودا. بەتایبەتی كاتێك هەڵسوكەوت و رەفتارەكانی لەو ناوچانەی كۆنترۆڵی دەكەن، بوونەتە جێی بێزاری و رەخنە و رێگرن لە ئاوەدانكردنەوەی عێراق و یەكخستنی چەك و كۆنترۆڵكردنی.
بەم دواییە چەندان داواكاری هەبوو لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بەهۆی تەواوبوونی ئەركیان لە نەهێشتنی داعش و بوونی چەكی ئەوان لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكوومەت،
جۆی هوود رێكخەری كاروباری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا هانی حكوومەتی عێراقی دا بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچە ئازادكراوەكان لە داعش كە ئێستە ئەو هێزان لە پارێزگاكانی ئەنبار و نەینەوا و سەڵاحەدین و دیالە و دەوروبەری بەغدا باڵادەستن و خەریكی كاری نایاسایین بۆ پارەكۆكردنەوە و دەستگرتن بەسەر موڵكوماڵی گشتی و تایبەت.
هوود لەو بارەوە دەڵێت، پرسە سەرەكییەكە ئەوەیە كە چەكدارانی دەرەوەی دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان لەو ناوچانە دووربخرێنەوە بۆ ئەوەی پۆلیسی ناوخۆیی بتوانن ئەركی پاراستنی ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكان ببینن. بەپێچەوانەوە مانەوەیان ترس و دڵەڕاوكێ دروست دەكات و رێگرە لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە.
ئەو قسانەی ئەو بەرپرسە ئەمەریكاییە بە ناونانی حەشدی شەعبی بەو هێزانەی ناچنە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و رێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە، بەرجەستەی تێبینییەكانی ئەمەریكا لەسەر رۆڵی ئەو میلیشیایانە لە عێراق دەكات و دووریش نییە كە لە كۆتاییەكەی حەشدی شەعبیش بخرێتە ناو لیستی تیرۆر و داوا لە حكوومەتی عێراق بكرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزە، بەتایبەتی كاتێك واشنتن پێشتر میلیشیاكانی نوجەبای نزیك لە حزبوڵای ئێران و سوپای پاسدارانی خستە ناو لیستی تیرۆرەوە.
لای خۆیەوە ئەیاد عەلاوی سەرۆكی وەزیرانی پێشووتری عێراق بەم دواییە بە راشكاوانە داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی كرد بەهۆی نەمانی پێویستیان و وەك مەرجێكیش بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێكی مەدەنی لە عێراق.