هەفتەی جارێك زەیتی زەیتوون بخۆن

:: PM:07:35:17/04/2019 ‌

شارەزایانی بواری خۆراك و تەندروستی رێنوێنی بەكارهێنانی بەردەوامی زەیتی زەیتوون دەكەن لە خۆراكدا كە كاریگەری بۆ سەر تەندروستی هەیە و دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە جەڵتە و سەكتەی مێشك، توێژینەوەیەكی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە خواردنی ئەو زەیتە یەكجار لە هەفتەیەك رێگری لە خوێن مەیین دەكات.

زیتی زەیتوون بۆ تەندروستی دڵ و لوولەكانی خوێن باشە و پێڕەوكردنی سیستەمێكی خۆراكی دەوڵەمەند بە زەیتی زەیتوون دەبێتە مایەی پاراستنی لوولەكانی خوێن و بوونی سووڕێكی خوێنی ئاسایی لە لەشدا. 

پزیشكان لە كۆمەڵەی ئەمەریكا بۆ پزیشكانی دڵ روونی دەكەنەوە كە زەیتی زەیتوون یارمەتی كەمكردنەوەی مەترسی تووشبوون بە جەڵتە و جووڵانەوەی باشتری خوێن بەناو لوولەكانی خوێن دەدات، جیا لە نەهێشتنی نیشتنی چەوری لەسەر ناوپۆشی دیواری لوولەكانی خوێن و كەمكردنەوەی مەترسی وەستانی مێشك و تەنگژەكانی دڵ. بۆیە رێنوێنی كەسانی قەڵەو و ئەوانە دەكەن كەل مەترسی تووشبوون بە جەڵتە و وەستانی مێشك و نەخۆشییەكانی دڵەوە نزیكن كە زەیتی زەیتوون بخۆن.

جیا لەوە لە توێژینەوەیەكی نوێ دەركەوتووە كە ئەو زەیتە كاریگەرتر دەبێت لە ڤیاگرا بۆ چالاككردنی توانای سێكسی پیاو ئەگەر بە بەردەوام بخورێت كە توێژینەوەیەك لەسەر 600 پیاو كراوە و دەركەوتووە كە ئەوانەی هەفتانە نۆ كەوچك زەیتی زەیتوونیان خواردووە، كەمتر تووشی لاوازیی سێكسی هاتوونەتەوە و ئاستی هۆڕمۆنی تێستیستیرۆنیان بەرزتر بووە.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل