ژنێكی رزگاربووی دەستی داعش باس لە ئازار و نەهامەتییەكانی خۆی دەكات لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، وەك خۆی دەڵێ، ماوەی چوار ساڵ لە دەستی داعش زۆر ناخۆشی و ئازاری بینیوە و چەندان جار كڕین و فرۆشتنی پێ كراوە، تەنانەت هەندێك ڕۆژ حەوت جار كڕین و فرۆشتنی پێ كراوە.
نادیا خۆی بە "وشە" ناساند و گوتی، " ناوم نادیا بەرەكات قاسمە تەمەنم 38 ساڵە، خەڵكی كومەڵگای تەل عەزیری سەر بە شارۆكەی شنگالم و چوار منداڵم هەیە. ئەو دەڵێت، لە 2014 كەوتووەتە دەست تیرۆرستانی داعش بەدیاری كراوی ئەو ڕۆژەی شنگال لەلایەن ئەو گرووپە تیرۆریستییەوە هێرشی كرایە سەر.
نادیا دەڵێت، ئێمە لە ماڵەوە دانیشتبووین داعش گەیشتە ناوچەكە و هەموو خێزانەكەمان گیران، دواتر بردیانین بۆ گوندی "بار جیدال" و دواتر بۆ گوندی "سیپا شێخ خدر" تا دوا جار نێردراین بۆ تەلەعفەر و مووسڵ.
" ئەوەی لە دنیا هەیە لە نەهامەتیی و ناخۆشی و ئازار لەدەست داعش بینیومە، داعشەكان لەبەر چاوی خۆم براكانمیان رادەكێشا و ئازاریان دەدان، هەموو كچە جوانەكانیان برد بۆ شوێنێكی جیاواز و ئەوانەیشی بەتەمەن بوون وەك كۆیلە بەكاریان دەهێنان" ڕزگاربووەكەی دەستی داعش وا دەڵێت.
نادیا وەك خۆی دەڵێت، ماوەی دوو ساڵ لە مووسڵ بووە دواتر گواستراوەتەوە بۆ شاری ڕەقە لە سووریا كە لەوێ جارێكی تر نەهامەتییەكانی دەستی پێ كردووەتەوە. دەڵێت" پێیان گوتین دەبێت ببن بە موسڵمان و نوێژ بكەن، رۆژوو بگرن، بەڵام خۆیان پابەند نەبوون بە ئیسلام".
ڕزگاربووەكەی دەستی داعش ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لە ناوچەی دێرەزووری سووریا بە چەكدار و ئەمیرەكانی داعش دەفرۆشراین، تەنانەت هەندێك رۆژ حەوت جار كڕین و فرۆشتنم پێوە كراوە، "ئەمیرێكی سعوودی منی كڕی و لە دەست ئەو ئەمیرە و ژنەكەی زۆر ئازار و نەهامەتیم بینوە تا ئەو ڕادەی لەسەر باڵەخانەیەك هەوڵی خۆكوشتنم دا".
چیرۆكی نادیا وەك ئەو سەتان كەسەی تری ئێزییە كە لە باغووز ڕزگار كراون و ئێستەیش لە یەكێك لە كەمپەكانی كەبەرتوو ژیان بەسەر دەبات.
دهۆك/ نەوزاد هلۆری