هەژاری توانای فێربوونی منداڵ لاواز دەكات

:: PM:08:02:17/04/2019 ‌

لە توێژینەوەیەكی نوێ لە بەریتانیا لەبارەی كاریگەری دۆخی بژێوی و هەژاری خێزان بۆ سەر توانای فێربوونی منداڵ دەكەوتووە كە هەژاری یەكێك بووە لە هۆكارەكانی رێگرتن لە توانای فێربوونی منداڵ.

لەو توێژینەوەی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت لە 2ی ئازار تا 3ی نیسانی ئەمساڵ ئەنجام درا و تیایدا هەشت هەزار و 600 ئەندام لە یەكێتی نیشتیمانی فێركردن لە سەرانسەری بەریتانیا بەشداریان كرد، 91%ی بەشدارانی توێژینەوەكە وایان بینی كە هەژاری یەكێكە لە هۆكارەكانی رێگرتن لە توانای فێربوونی منداڵ و نیوەی بەشدارانیش وەك هۆكارێكی سەرەكی كێشەكەیان لەقەڵەم دا. 

بەگشتی نیوەی ژمارەی مامۆستایانی بەشدار لەو توێژینەوە گوتیان كە تێكڕای هەژاری لەنێوان قوتابیاندا خراپتر بووە بە بەراورد بە 2016، یەكێك لە مامۆستایان گوتی، بۆشایی هەژاری زیاتر بووە و ژمارەیەك لە قوتابیانم لە خانووێكی قەرەباڵغدا دەژین كە منداڵی بچووك و شیرەخۆرە لەگەڵیانن لە ژوورەكەیان و ئەوان كاتی پێویستیان بۆ نووستنێكی ئارام نییە.

مامۆستایەكی تر روونی كردەوە، هەژاری تەنیا تایبەت نییە بەو خێزانانەی كە بەخێوكارەكەی كاری نییە، بەڵكو خێزان هەیە دایك و باوك كار دەكەن، بەڵام ناتوانن پێویستییە سەرەكییەكانی ژیان دابین بكەن. 

ماری باوستد، ئەمینداری گشتیی یەكێنی نیشتیمانی فێركردن گوتی، دەستگرتنەوە بووەتە هۆی ئەوەی منداڵی زیاتر لە هەژاریدا بژین و بووەتە هۆی كەمبوونەوەی پاڵپشتی خێزانە هەژارەكان.

هاوكات نیوەی مامۆستایانی بەشدار لەو توێژینەوە گوتیان كە قوتابیان بەهۆی هەژارییەوە تووشی برسیەتی و خراپی دۆخی تەندروستی بوونەتەوە و سێیەكیشیان گوتیان كە قوتابییە هەژارەكان بەو هۆیەوە لەلایەن ئەوانیتر هێرشیان دەكرێتە سەر. هەروەها بەشێك لە قوتابیانی هەژار رۆژانی ئاهەنگ و بۆنەكان نایەن بۆ قوتابخانە كە پێویست دەكات جلی جوان بپۆشن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل