ئەمڕۆ مووچە دەگاتە هەولێر

:: AM:09:43:18/04/2019 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ بڕی ئەو پارەیەی لەلایەن عێراقەوە بۆ مووچە دیاری كراوە بگاتە شاری هەولێر و لە هەفتەی داهاتوو مووچەی تەواوی وەزارەتەكان دابەش دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ـی نیسان، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوێنێ‌ بڕیاری خەرجكردنی مووچە لەلایەن بەغداوە دەرچووە كە بڕەكەی 454 ملیار دینارە.

ئەو سەرچاوەیە گوتی، بڕیارە ئەمڕۆ ئەو پارەیە بگاتە هەولێر و دابەشكردنی مووچە خێرا دەكرێت و هەفتەی داهاتوو تەواوی ئەو شوێنانەی مووچەیان وەرنەگرتووە، پێیان دەدرێت كە ڕۆژی چوارشەم دواین ڕۆژی دابەشكردنی مووچە دەبێت.

ئەو سەرچاوەیە ئاشكرای كرد، بڕیاربوو پێشتر لە هەشتی هەموو مانگێك پارەكەی بەغدا بگات بە هەرێمی كوردستان، بەڵام كێشەیەكی تەكنیكی دروست ببوو بۆیە دواكەوت.

دابەشكردنی مووچە لە هەرێمی كوردستان بۆ مانگی یەكی ساڵی 2019یە و بەپێی ڕێكەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق مانگانە بڕی 454 ملیار دینار لەلایەن عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ مووچە فەرمانبەران دەنێردرێت.



وشە - رامیار جەواد