پۆلیس نوشتە قەدەغە دەكات

:: AM:10:16:18/04/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەسەر دیاردەی دوعا و نوشتەكردن روونكردنەوە دەدات و رای دەگەیەنێت، دیاردەی دوعا و نوشتەكردن بەهەموو شێوەیەك قەدەغە و نایاساییە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ـی نیسان، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا کە وێنەیەکی بۆ "وشە" نێردراوە، ئاشکرای کردووە، وەك پۆلیس ڕای دەگەیەنین هەرشوێن و جێگەیەك دوعا و نوشتەی تێدا بكرێت كارێكی نایاساییە و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، هەركەسێك سكاڵای لەسەر بەناو شێخێك تۆمار کرد یان بەناوی دوعا و نوشتكردنەوە دەستدرێژی كرابێتەسەری و پارەی لێوەرگرتبێت و كەسەكەش سكاڵای تۆماركردبێت دەستبەجێ گرتوومانە.

زیاتر ڕوون كراوەتەوە، داوا لە هاووڵاتییانی شاری سلێمانی دەكەین لەكاتی بوونی ئەم جۆرە رووداوانە دەستبەجێ سكاڵا تۆمار بكەن، لەبەر ئەوەی وەك پۆلیس ناتوانین بچینە سەر هەر ماڵێك كە ئەو كارەی تێدا دەكرێت بەبێ بوونی سكاڵا.

ئەو ڕوونكردنەوەی پۆلیس لە كاتێكە لە ماوەی ڕابردوو "وشە" ڕاپۆرتێكی لەسەر كۆمەڵێك كەسی قۆڵبڕ بلاو كردەوە كە بەناوی نوشتەکردن فێڵ لە هاووڵاتیان دەكەن.



وشە - رامیار جەواد