پارتی هۆشداری لە كەوتنی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی دەدات

:: AM:10:58:18/04/2019 ‌
هاوكاتی هەوڵەكانی حزبی دەعوە بۆ رێكخستنەوەی ناوماڵی خۆی و كۆتایی هێنان بە ناكۆكییەكانی نێوان مالیكی و عەبادی، زانیاری لەسەر هەوڵێكی ئەو حزبە و رەوتی حیكمە هەیە بۆ شكست پێهێنانی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی. ئەندامێكی مەكتەب سیاسی پارتیش دەڵێ، پێویستە ئەو هەوڵانە بوەستێنرێت و ئەوان هیچی نوێیان بۆ عێراق پێ نییە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی نیسان ، هۆشیار زێباری وەزیری دارایی پێشووی عێراق و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تویتەری تایبەتی خۆی بە زمانی ئینگلیزی، هەوڵێكی شكستپێهێنانی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی ئاشكرا دەكات.

زێباری دەڵێ، ماوەیەكە حزبی دەعوە كە نوری مالیكی سەركردایەتی دەكات لەگەڵ رەوتی حیكمەی نیشتمانی كە عەمار حەكیم سەركردایەتی دەكات، رەوتێك بەڕێوە دەبەن بۆ شكستپێهێنانی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی.

زیاتر گوتی "حزبی دەعوە پلان دادەنێت بۆ گرتنەوەدەستی دەسەڵات و گەڕانەوە بۆسەر شانۆی بڕیاردان بە هاوكاری رەوتی حیكمە دەیەوێت حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بڕوخێێت".

 ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی وێڕای هۆشداریدان لەبارەی وەها هەوڵێك ئەوەش دەخاتەڕوو، پێویستە بوەستێنرێن چونكە ئەوان هیچی نوێیان بۆ گەلی عێراقی پێ نییە و هەمان ئەو كارە دەكەنەوە كە پێشتر كردوویانە.


تویتەكەی زێباری لە كاتێكدایە هێشتا كابینەی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی چوار وەزارەتی بە وەكالەت بەڕێوە دەچێت، هەوڵەكان بۆ دانانی كاندید بۆ وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و پەروەردە و داد تا ئێستە شكستی هێناوە.

نوری مالیكی كە بۆ ماوەی دوو خول سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، لەلایەن لیژنەی دەرخستنی راستییەكان و كەوتنی مووسڵ بەوە تۆمەتبار كراوە كە دەستی هەبووە لە كەوتنی ئەو شارە لە مانگی حوزەیرانی 2014 و داگیركردنی یەك لەسەر سێی خاكی عێراق لەلایەن داعش.


وشە - فه‌رمان سادق