پەرلەمانی عێراق تاوتوێی پارەی جووتیارانی كوردستان دەکات

:: PM:12:36:18/04/2019 ‌

دوای ناڕەزایەتی جووتیاران، فراكسیۆنە كوردستانییەكان واژوو كۆ دەكەنەوە بۆ باسكردنی لە هۆڵی پەرلەمان. جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش دەڵێ، كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان لەسەر پارەی گەنمی جووتیارانی كوردستان دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی نیسان/ ئەپرێل، د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، پەرلەمان دانیشتنێكی تایبەت لەسەر شایستەی جووتیارانی كوردستان دەكات لە وەرنەگرتنی پارەی گەنمی سێ ساڵیان لەلایەن حكوومەتی عێراق.

جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بەوەدا كە فراكسیۆنە كوردستانییەكان واژوویان كۆ كردووەتەوە بۆ تەرخان كردنی دانیشتنێكی پەرلەمان لەسەر پارەی گەنمی جووتیارانی كوردستان.

تەرخان كردنی دانیشتنێكی پەرلەمان لەسەر داوای فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە كاتێكدایە دوێنێ چوارشەم 17ی نیسان، ژمارەیەك جووتیاری كورد بە نوێنەرایەتی جووتیارانی كوردستان لە بەردەم پەرلەمانی عێراق گردبوونەوەیەكیان ئەنجام دا و لەلایەن د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمان و نوێنەرانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان پێشوازییان لێكرا.

جێی باسە دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر رادەست كردنی گەنمەكانیان، هێشتا جووتیارانی كوردستان تەواوی شایستە داراییەكانی فرۆشتنی گەنمی ساڵانی 2014، 2015 و 2016یان لە حكوومەتی عێراقی وەرنەگرتووە.

جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەڵێ، وەرنەگرتنی پارەكانیان كاریگەری راستەوخۆی لەسەر جووتیارانی كوردستان و كەرتی كشتووكاڵی كوردستان داناوە و هەوڵەكان چڕ دەكەینەوە تا مافەكانیان لە حكوومەتی عێراقی وەربگرنەوە.


وشە - فه‌رمان سادق