لە بەلووچستان هێرش کرایە سەر پاسێک و 14 کەس کوژران

:: PM:01:11:18/04/2019 ‌

 

لە رێگای نێوان کەراچی و بەندەری گوادر لە ویلایەتی بەلووچستانی پاکستان ژمارەیەک چەکداری نەناسراو هێرشیان کردە سەر پاسێک و 14 کەس لە سەرنشینانی پاسەکەیان کوشت.

 

هێرشەکە ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی نیسان روویداوە و هێشتا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی بە ئەستۆ نەگرتووە. عەمران خان سەرۆک وەزیرانی پاکستان وێرای شەرمەزارکردنی ئەم هێرشە داوای بەپەلە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی کردووە.

 

رۆیتەرزیش لە زاری بەرپرسێکی ناوچەکە ئەوەی گواستەوە کە ژمارەیەک چەکدار پێشیان بە پاسەکە گرتووە و دواتر سەرنشینەکانی پاسەکەیان جیا کردووەتەوە و بەشی زۆریان کوشتوون.

 

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا رووداوە ویلایەتی بەلووچستانە لە باشووری رۆژئاوای هندستان. لەو ویلایەتە ماوەیەکە هەندێک گرووپی توندئاژۆی ئیسلامی سەریان هەڵداوە و داوای جیابوونەوەی بەلووچستان لە پاکستان دەکەن.

 

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" هێشتا دیار نییە ئەو کەسانەی لە پاسەکە هێنراونەتە خوارەوە بە چ تاوانێک کوژراون. بەڵام پێدەچێت ئەوانەی کوژراون خەڵکی ویلایەتەکە نەبن.

 

بەلووچستانی پاکستان لەگەڵ بەلووچستانی ئێران هاوسنوورە لەو پاریزگایەی ئێرانیش هەندێک جارا نائارامی و شەڕ روودەدات و بەلووچەکان داوای مافی نەتەوەیی خۆیان لە حکوومەتی ئێران دەکەن.



وشە - سلێمان تاشان