پێشانگای زانكۆكانی توركیا لە هەولێر دەكرێتەوە

:: PM:01:20:18/04/2019 ‌
بڕیارە پێشانگای زانكۆكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان بكرێتەوە و نوێنەری زانكۆیەكیش دەڵێت ئۆفەری باشی تێدایە بۆ خوێندنی باڵا و نرخەکانیش گونجاون.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ـی نیسان، مستەفا حەسەن نوێنەری زانکۆی فورات لە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە كردنەوەی پێشانگای زانكۆكان لە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 150 كەس بوون بە قوتابی خوێندنی باڵا لە توركیا، بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەكرێت ڕێژەكە ببێت بە دوو هێندە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، زیاتر لە 50 زانكۆ و بەش بەشداری لەو پێشانگایەی هەولێر دەكەن كە تایبەتە بە زانكۆكانی توركیا، هەروەها ئۆفەری خوێندنی خۆڕاییشی تێدایە بۆ قوتابیان و ئارەزوومەندانی خوێندنی باڵا.

زیاتر ڕوونی كردەوە، پێشانگاكە لە ڕۆژانی 27 و 28ـی نیسان لە ئوتێل دیدمان لە شاری هەولێرە و ئەگەر پێویست بكات لە شارەكانی تریش ئەو پێشانگایە دەكرێتەوە.

كردنەوەی پێشانگای زانكۆكانی توركیا ساڵی ڕابردووش لە هەولیر كرایەوە و بەو هۆیەوە 150 قوتابی هەرێمی کوردستان بۆ خوێندنی باڵا چوونە تورکیا.





وشە - رامیار جەواد