لە ئەڵمانیا کوردێک کاندیدە بۆ ئەنجوومەنی شارەوانی

:: PM:04:16:18/04/2019 ‌

یوسف مەنتک نووسەرێکی ئەڵمانی-کوردە لە شاری لۆدڤیگس هافن و بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە وەک کاندیدی پارتی سەوزی ئەڵمانیا دەستنیشان کراوە کە بڕیارە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی نیسان، یوسف مەنتک بە "وشە"ی راگەیاند، لە شاری لودڤیگس هافن کاندیدم بۆ ئەنجوومەنی شارەوانی ئەو شارە کە بڕیارە 26ی مانگی داهاتوو "ئایار" بەڕێوە بچێت و ژمارەکەیشم لەناو لیستەکە 51ە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، لە پۆستەری ریکلامەکەم دروشمی "ئازادی لێرە لەمالەوەیە"م نووسیوە، مەبەستیش لێی ئەوەیە، مرۆڤ لەو شوێنەی لێی دەژی ئازادی هەیە، واتا دەبێت مرۆڤ ئازادی هەبێت.

ئەو بەربژێرە کوردە ئەندامی حزبی سەوزی ئەڵمانیایە و وەک خۆی هێمای بۆ دەکات، پارتی ئێمە کار بۆ بەیەکەوە ژیان، مافی خێزان، ژینگە پارێزی، مافە کۆمەلایەتییەکان،ئاشتی ، ئازادی، فڕێنەدانی پلاستیک، دەکات.

یوسف مەنتک یەک لە نووسەرە ناسراوەکانی رەوەندی کوردییە لە دیاسپۆڕا و یەکێکە لە نوێنەرانی کورد لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە فرانکفۆرد کە رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە ناساندنی کورد لەو پیشانگایەدا.



وشە - هیدایه‌ت جان